دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 1 هەفتە

رۆیتەرز؛ میلیشیاكانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئامادەییان پیشانداوە بۆ دانانی چەكەكانیان

هەرێم نیوز

ئاژانسی ڕۆیتەرز له‌ زاری 10 سەرکردە و سیاسەتمەدار و بەرپرسی عێراقی ڕایگه‌یاند، گروپه‌ چه‌كداره‌كان خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ "دانانی چەک" بۆ دورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی هەڵکشانی زیاتر لە ناوچەکەدا، ئەوەش دوای ئەوەی گڵۆپی سەوز لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هه‌ڵكرا، کە ڕێگەی بە فراکسیۆنەکاندا هەر بژاردەیەک هەڵبژێرن کە گەرەنتی سەلامەتیان بكات.

10  سەرکردە و بەرپرسی باڵای عێراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرز-یان ڕاگەیاندوە، "چەند گروپێکی چەکداری بەهێز لە عێراق بۆ یەکەمجار خۆیان ئامادە دەکەن بۆ داماڵینی چەک بۆ ئەوەی لە مەترسیی پەرەسەندنی ململانێکان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپی ئەمریکی دور بکەونەوە"، ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هات کە بەرپرسانی ئه‌مریكا چەندین جار هۆشداریان ئاڕاستەی عێراق کرد.

عیزەت شابەندەر، کە یەکێکە لە سیاسەتمەدارە شیعەکانی نزیک لە هاوپەیمانیی حکومڕانی عێراق بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک سەرکردەی میلیشیاکان لە قۆناگێکی زۆر پێشکەوتوودایە وئەو گروپانەش دەیانەوێت داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ بۆ داماڵینی چەک جێبەجێ بکەن.
وتیشی: “گروپەکان کەللەڕەقی یان پێداگری ناکەن لەسەر ئەوەی بەم شێوەیەی ئێستایان بەردەوام بن” و بە تەواویش درک دەکەن بەوەی پێدەچێت لەلایەن ئەمریکاوە بکرێنە ئامانج.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند لەو بارەیەوە لەگەڵ شەش سەرکردەی خۆجیی میلیشیاکانی کەتیبەکانی حزبوڵا،  نوجەبا، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا و ئەنساروڵای ئەوفیا قسەی کردووە و جەختیان کردووەتەوە لەوەی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە.

یەکێک لە سەرکردەکانی حزبوڵا کە بەهێزترین میلیشیای شیعەکانە دەڵێت: “ئێمە دەزانین ترەمپ ئامادەیە جەنگەکە لەگەڵماندا بگەیەنێتە ئاستێکی خراپتر و دەمانەوێت خۆمان لەو سیناریۆ خراپە بەدووربگرین”.

سەرکردەکانی ئەو میلیشیایانە ڕایانگەیاندووە کە سوپای پاسداران سەرپشکییان کردوون لە بڕیاردان بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا نەکەونە ململانێوە.

ئەو میلیشیایانە لە ژێر ناوی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کاردەکەن کە نزیکەی 10 گروپی توندڕەوی شیعە لەخۆدەگرێت و خاوەنی نزیکەی 50 هەزار چەکدار و جبەخانەیەکی مووشەکی دوورمەودا و دژە فڕۆکەیە.

بە وتەی دوو بەرپرسی ئەمنیش، سوودانی گوشار دەکات بۆ چەکداماڵینی سەرجەم میلیشیاکانی نێو مقاوەمەی ئیسلامی کە پێشتر پاشکەوتەییان بۆ سوپای پاسداران یاخود فەیلەقدی قودسی ئێرانی دەربڕیبوو، نەک بۆ بەغداد.

لە ناوەڕاستی کانوونی دووەمی رابردووەوە بەشێک لە میلیشیاکان تا ڕادەیەکی زۆر بارەگاکانیان لە شارەکاندا چۆڵ کردووە، لە نێویشیاندا لە موسڵ و ئەنبار، ئەویش لە ترسی ئەوەی ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانیی نەبنەوە.

هاوکات چەندین سەرکردەشیان ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان بۆ پاراستنی خۆیان زیاتر کردووە و بەردەوامیش مۆبایل و ئۆتۆمبێل و شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕیوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاند دەبێت ئەو هێزانە گوێرایەڵی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بن نەک ئێران.

لای خۆشیەوە عیزەت شابەندەر ڕایگەیاند، هێشتا ڕێککەوتنی حکومەتی عێراق لەگەڵ سەرکردەی چەکدارەکان کۆتایی نەهاتووە و گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی چەکداماڵینیان بەردەوامە.

لە دوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی گەورەی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەریەک لە حەماس و حزبوڵاش جگە لە کوژرانی کەسی یەکەمی هەردوو حزبەکە و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانیان، بە تەواوی لاوازکراون و میلیشیاکانی عێراقیش نایانەوێت ڕووبەڕووی چارەنووسێکی هاوشێوە ببنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP