هەرێم نیوز
سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی لە پانێڵێکدا لە نۆیەمین دیداری سلێمانی ڕایگەیاند، چەک تەنیا دەبێت لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت و ئەم بابەتە جێگەی گفتوگۆ نییە. جەختیش دەکاتەوە کە ڕەوتەکەیان پشتیووانیی لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ناکات.
عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی ڕایگەیاند، یاسای هەڵبژاردن چەندین مانگی خایاند تا جێگیركرا و ئێستاش کە باس لە هەمواركردنی یاساكە دەكرێت کە تەنیا لە هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا جێبەجێكراوە و سەرکەوتوو بووە. بۆیە ئەم داوایە شتێكی سەیرە، "ئێمەش پشتیووانی لەم یاسایەی ئێستای هەڵبژاردن دەكەین، بەوپێیەی یاسایەكی دادپەروەرانەیە و لەگەڵ هەمواركردنەوەی نین".
ئاماژهی بهوهشكرد، "حکومەتی ئێستا هەمەچەشنکردنی لە سەرچاوەکانی وزەدا بەدەستهێناوە و وەبەرهێنانی لە غازی پەیوەندیداردا کردووە".
عەممار حەکیم باسی لهوهشكرد، "هەموارکردنی یاساکان بەزۆری دوای تاقیکردنەوەی تایبەت دێت و ئەگەر کێشەی تایبەت سەرهەڵبدات، بلۆک و هێزە سیاسییەکان دەست دەکەن بە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە".
ڕونیشیکردەوە، "ئێمە بەپێی ئەم یاسایە نەچوینە ناو هەڵبژاردنەکانەوە بۆ ئەوەی کەلێنەکانی بدۆزینەوە، بەڵکو تەنها لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا جێبەجێکرا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان باشترین و ئارامترین ئەزمونەکانی پێشون، بەو پێیەی یاساکە هاوسەنگی لە نێوان ژمارەی دەنگەکان و ژمارەی کورسییەکاندا دروستکردوە، بۆیه لەگەڵ ئەوەدا نین هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئێستا بکرێت".
عەممار حەکیم ئهوهشی خستهڕو، "هەنگاونان بەرەو هەموارکردنەکە شەرمەزارییەک دەبێت بۆ کۆمسیۆن لەڕوی کاتەوە، یاسای ئێستای هەڵبژاردن دادپەروەرانەی و داواكردن بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە خواستێکی تاکلایەنەیە کە له دهرهوهی کۆدەنگی نیشتمانییه".
لهبارهی پهیوهندیهكانی نێوان ئێران و ئهمریكا، حهكیم وتی، "هەركات پەیوەندی ئێران و ئەمریكا باشبوبێت عێراق لە دۆخێكی باشدابوە، پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئێرانی دراوسێمان و ئەمریكای دۆستی دورمان دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی وڵاتەكەمان بێت، پێموانیە ئێران و ئەمریكا بیانەوێت بەرەو جەنگ هەنگاوبنێن".
ههروهها وتیشی، "دەسەڵاتی سەربازی دەبێت لە دەستی دەوڵەتدا بێت و چەكیش دەبێت لە دەستی دەوڵەتدا بێت، هیچ ناكۆكییەك لەسەر ئەمە نییە، بەشێوەیەكی ئارام خەریكین بۆ رێكسختنی گروپە چەكدارەكان لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت، هەندێك پێیانوایە دەبێت بەشێوەیەكی توند مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت ئەمە كارێكی خراپەو ئەنجامی خوازراوی نابێت".
ئەمڕۆ نۆیەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمرکی بە بەشداریی زیاتر لە 700 بەرپرسی ناوخۆیی و جیهانی دەستیپێکرد و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و چەندین پانێڵ لەخۆدەگرێت. بەشێك لە سەرکردەکانیش وتاریان دەبێت.