هەرێم نیوز
ڕۆژی پێنجشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا لە قەتەر کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێ کراوە، دیارترینیان پرسە ئەمنییەکان بوون.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانێکی خێرای بۆ قەتەر کردووە، و لەو ماوەیەدا لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەمیری دەوڵەت و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کۆبووەوە.
سودانی لە کۆبوونەوەکەد داوای پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر و پاراستنی پێکهاتەکان و هەمەجۆریی کۆمەڵایەتی و ئایینی و نەتەوەیی لە سوریا و پاراستنی پیرۆزییەکان و ماڵەكانی خودا و شوێنەکانی پەرستنی کردووە.
ئەم کۆبوونەوەیە کە سێ قۆڵی و بەبەشداری ئەمیری قەتەریش بووە، لە ئەنجامی پەرەسەندنی خێرای ڕووداوەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات، هاتووەتە ئاراوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی هەنگاوی کردەیی و جددی حکومەتی نوێی سوریا كردووە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش.