هەرێم نیوز
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی تێکۆشەر و قوربانیدەر و ستەملێکراوی هەڵەبجەی شەهید دەکەم.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، بە بۆنەی پەسەندکردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی تێکۆشەر و قوربانیدەر و ستەملێکراوی هەڵەبجەی شەهید دەکەم. ئەم بڕیارە کەمترین پادداشتی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی هەڵەبجەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم و هیوادارم تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، ببێتە دەستپێکێک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایە.لەم ڕووەوە، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی شایستە، خزمەتی ئەو دەڤەرە بکرێت و بودجەی تایبەت بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە تەرخان بکرێت.
ئاشکراشیکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، کە هەمیشە خۆی بە قەرزاری قوربانیدانەکانی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکانمان دەزانێت، بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە خەڵکی پارێزگەی هەڵەبجە و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان.