هەرێم نیوز
شی جینپینگ، سەرۆکی چین ئەمڕۆ دوشەممە لەمیانەی سەردانەكەی بۆ ڤێتنام ڕایگەیاند، "لە شەڕی بازرگانی یان شەڕی گومرگیدا هیچ براوەیەک نییە". دەشڵێت، "پێویستە هەردو وڵات سیستەمی بازرگانیی فرەلایەنە، زنجیرە پیشەسازی و هاوکاریی بپارێزن".
شی جینپینگ، هەفتەی دیپلۆماسی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای بە سەردانێك بۆ ڤێتنام دەستیپێکرد، وەك ئاماژەیە بۆ پابەندبونی چین بە بازرگانی جیهانی و لە میانەی وتەیەكدا كە میدیاكانی ڤێتنام بڵاویانكردوەتەوە دەڵێت، "لە شەڕی بازرگانی یان شەڕی گومرگیدا هیچ براوەیەک نییە".
ئاماژەی بەوەشكردوە، "پێویستە هەردو وڵات سیستەمی بازرگانیی فرەلایەنە، زنجیرە پیشەسازی، دابینکردنی جیهانی سەقامگیر و ژینگەیەکی نێودەوڵەتی کراوە و هاوکاریی بپارێزن".
لایخۆیەوە نگوین خاک جیانگ، هاوڕێی سەردانکەر لە پەیمانگای یوسف ئیسحاک بۆ لێکۆڵینەوەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە سەنگافورە وتی، "سەردانەکەی شی لەم هەفتەیەدا ڕێگە بە چین دەدات خۆی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا نیشان بدات کە زلهێزێکی بەرپرسیارە بە شێوەیەک کە جیاوازە لەگەڵ شێوازی نمایشکردنی ئەمریکا بۆ جیهان لە سەردەمی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ".
وتیشی، هەروەها چین دەتوانێت کار بکات بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانی و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو بەربەستە بازرگانییە بەرزەی کە ئەمریکا بەسەر هەناردەکردنی چیندا سەپاندویەتی .
لە کاتێکدا ڕەنگە گەشتەکەی شی پێشتر پلانی بۆ دانرابێت، بەڵام بەهۆی شەڕی بازرگانی نێوان چین و ئەمریکا کە دو گەورەترین ئابوری جیهانن، گرنگییەکی زیاتری هەیە و لە ڤێتنام شی لەگەڵ تو لام، سکرتێری گشتی حزبی شیوعی ڤێتنام و فام مین، سەرۆک وەزیرانی ڤێتنام کۆدەبێتەوە.
شی سەردانی ڤێتنام و مالیزیا و کەمبۆدیا
نگوین دەشڵێت، گەشتەکەی شی بۆ ڤێتنام و مالیزیا و کەمبۆدیا سەبارەت بەوەیە کە چین چۆن بەڕاستی دەتوانێت خۆی لە ترەمپ داببڕێت.
هونگ لیتو لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، کاتی سەردانەکە "پەیامێکی سیاسی بەهێز دەنێرێت کە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ چین گرنگە".
ئاماژەی بەوەشکرد، بە لەبەرچاوگرتنی توندی باجەکانی ترەمپ و سەرەڕای ماوەی 90 ڕۆژ دواخستنی باج، وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا نیگەرانن لەوەی ئەو باجانە ئەگەر جێبەجێبکرێن، ڕەنگە گەشەپێدانیان ئاڵۆزتر بکات.