هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە راپۆرتێكدا، لەزاری بەرپرسانی ئەمریكاوە ئاشكرایدەكات، سوپای ئەمریكا خۆی ئامادە دەكات بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی سەربازەكانی لەسوریا.
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە رۆیتەرزیان وتووە، بڕیارە سوپای ئەمریکا لە ماوەی چەند هەفتەو مانگەكانی داهاتوودا بوونی خۆی لە سوریا پتەوبكات و رێكبخاتەوە، ئەوەش هەنگاوێکە کە دەتوانێت ژمارەی سەربازەکانی لە سوریا بۆ نیوە کەم بکاتەوە.
سوپای ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە ژمارەیەک لە بنکەدا هەیە لە سوریا، کە زۆربەیان لە باکوری رۆژهەڵاتن. سەربازەکان لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان کاردەکەن بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی، کە لە ساڵی ٢٠١٤دا دەستیان بەسەر ناوچەیەکی فراوانی عێراق و سوریادا گرت بەڵام دواتر تێكشكێندران.
یەکێک لەو بەرپرسانە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەداوە رەنگە پرۆسەكە ژمارەی سەربازەکان لە سوریا بۆ نزیکەی هەزار سەرباز کەم دەکاتەوە.
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی، جەختی لە پلانی کەمکردنەوەی ژمارەکانی سەربازەكان كردووەتەوە، بەڵام رایگەیاندووە، هیچ دڵنیاییەک لەسەر كەمكردنەوەی ئەو ژمارەیە نییەو گومانی هەیە لە کەمكردنەوەی ئەو قەبارەیە لە هێزەكان، لە کاتێکدا ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دانوستان لەگەڵ ئێران دەكات و هێز بۆ ناوچەکە رەوانە دەکات.
هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کورد بە پاڵپشتی ئەمریکا، مانگی رابردوو رێککەوتنێکیان لەگەڵ دیمەشق واژۆکرد سەبارەت بە یەکخستنی دامەزراوەكانی حوکمڕانی و هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ حکومەتی سوريا.
بەشێک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی دەیانەوێت هەڵوێستێکی توندتر دژی سوریا بگرنەبەر، ئاماژەیان بە پەیوەندییەکانی پێشوی سەرکردایەتی نوێی سوریا لەگەڵ رێكخراوی قاعیدەو وەک هۆکارێک دەبینن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان لە کەمترین ئاستدا بهێڵنەوە.