هەرێم نیوز
بەڕێوبەری بەرگری شارستانی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، مەلەکردن لە سەرجەم چەم، ڕوبار، گۆم و شوێنە ئاوییە مەترسیدارەكان بە توندی قەدەغەیە و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییان بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان، چاودێری وردی ئەو ناوچانە دەکەن و هەر کەسێک سەرپێچی ئەم ڕێنماییە بکات، ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە. ئەو بڕیارە تەنها و تەنها لە پێناو پاراستنی گیانی بەنرخی خۆتان و ئازیزانتاندایە.
دیار ئیبراهیم محێدین بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی رایگەیاند، "بەهۆی ئەو روداوە دڵتەزێنان و جەرگبڕانەی لە رابردوودا رویانداوە و چەندین رۆڵەی ئەم نیشتمانەیان لێ سەندووینەتەوە، بە توندترین شێوە هۆشداری دەدەینە هاووڵاتیان، لەسەر مەلەکردن لە چەند شوێنێکدا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، مەلەکردن لەم جۆرە ئاوانەدا جیهانێکی جیاوازە بەراورد بە مەلەوانگە و شوێنە ستانداردەکان:
-چەم و رووبارەکان: بەتایبەت ئەو ئاوانەی کە لێڵن، بنەکەیان نادیارە، یان خاوەنی شەپۆلی بەهێز و گەردەلوولی ژێر ئاون.
-گۆم و بەستەرە ئاوییە وەستاوەکان: کە زۆرجار قوڵاییەکەیان نادیارە و زەلکاوی بنەوەیان دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.
-هەر شوێنێکی ئاویی دیکە کە بە رەسمی بۆ مەلەکردن دیاری نەکراوە و پێشینەی رووداوی خنکانی تێدا تۆمار کراوە.
بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر خۆت بە مەلەوانێکی لێهاتووش بزانیت، سروشتی ئەم ئاوانە (قوڵایی نەزانراو، شەپۆلی لەناکاو، ساردیی ئاو، بوونی قەڵبەزە و بەردی ژێر ئاو، لێڵی و نادیاریی بنەکەی) هۆکاری کوشندەن و زۆرجار لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی بەتواناترین کەسیشدان.
روونیشیکردووەتەوە، مەلەوانگەی ستاندارد، ژینگەیەکی کۆنتڕۆڵکراوە و چاودێری راهێنەری لێهاتووی لەسەرە، کە لەکاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا فریادڕەسی یەکەم دەبن
دەشڵێت: بینینی ئەو دیمەنە تراژیدیانەی کە خێزانەکان بە دڵێکی شکاو و چاوی پڕ لە گریانەوە چاوەڕێی دۆزینەوەی جەستەی ئازیزانیان دەکەن، هانیداین کە چیتر رێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەم کارەساتانە نەدەین.
باسی لەوەشکردووە، "مەلەکردن لە سەرجەم چەم، رووبار، گۆم و ئەو شوێنە ئاوییە مەترسیدارانەی کە ئاماژەمان پێکردن، بە توندی قەدەغەیە و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان، چاودێری وردی ئەم ناوچانە دەکەن و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە".
ئەوەش لە کاتێکدایە، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و هاویندا بەشێکی هاووڵاتیانی هەرێم بەمەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش و وێنەگرتن یان مەلەکردن و خۆفێننکردنەوە، روو دەکەنە سەیرانگەکانی نزیک ئاو و ئاوی چەم و رووبارەکان، کە بەهۆیەوە زۆرجار رووداوی نەخوازراو رویانداوە و گیانلەدەستدانی لێکەوتووەتەوە.