دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ئەو کەسەی بەناوی دامەزراندن سەدان ژنی “فریودابوو” دەستگیرکرا

هەرێم نیوز
پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، “ئەو تۆمەتبارەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سەدان ژنی فریوودابوو بەناوی دامەزراندن داوای وێنە و زانیاری کەسی لێکردبوون دەستگیرکرا”.

 یەکشەممە، 6-4-2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند: “هێزەکانمان لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر کەسێکیان دەستگیرکردن کە لە ڕێگەی پەیجەکانەوە ڕیکلامی بۆخۆی کردووە گوایه ژن دادەمەزرێنێت وەک سکرتێری پزیشک و یاریدەدەری دەرمانساز بەبێ ئەوەی هیچ شارەزایەکی لە تەندروستیدا هەبێ یاخود ڕاسپێردرابێت”.

لەبارەی چۆنیەتی فریودانی ئەو سەدان ژنە ئەوەشی خستەڕوو: “لە ڕیکلامەکاندا ژمارە مۆبایلی خۆی داناوەو دواتر لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سەدان ئافرەتی فریوو داوە و داوای وێنە و زانیاری کەسی لێکردووە”.

پۆلیسی ڕاپەڕین زانیاری لەبارەی تۆمەتبارەکە ئاشکرادەکات و دەڵێت: “دوای دەستگیرکردنی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بە وتەی خۆی لە ساڵی 2019 تا ئێستا خەریکی ئەو کارەیە و وێنەی کەسانی تری بۆ ئافرەتان ناردووەو پێی وتوون ئەوە خۆیەتی بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت دوای دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکەشی ئاشکرابوو سەدان وێنەی ئافرەتانی تێدایە”.

جەختی لەوەشکردەوە: “تۆمەتبار تۆڕەکانی سناپ و ڤایبەر و واتسئاپی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا بەکارهێناوە و جگە لەوێنە و زانیاری کەسی داوای پارەشی لێکردوون”.

دووپاتیکردەوە: “پاش ئەوەی لەبەردەم پۆلیس و دادگا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی 456 لە یاسایی سزادانی عیراقی راگیرکراوە کە دانیشتووی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین”.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP