هەرێم نیوز
لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئاماژە بەوەدەكات چاوەڕێین خوای گەورە قەرەبووی خاوەن دووكانە سوتاوەكانی بازاڕی دارەسوتاوەكەی سلێمانی بكاتەوە، دەشڵێت لە نزیكەوە سەردانی بازاڕەكەمان كردووە بۆ دەربڕینی هاوخەمی.
زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند، بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی بۆ ئەو كاسبكارانەی كە لەبازاڕی دارەسووتاوەكەی سلێمانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووكانەكانیان سووتاوە، سەردانی ناو بازاڕی دارە سووتاوەكەمان كرد، چاوەڕێین خوای گەورە قەرەبووی بكاتەوە و ئێمەش پشتیوانیان دەبین و لەگەڵیان دەبین، داواش لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بەزووترین كات هەستن بە نۆژەنكردنەوەی دوكانەكان و هەرچیش بەئێمە بكرێت پشتیوانیان دەبین.
ئاماژەی بەوەشكردووە، زیانێكی زۆر بە دووكان و كاسبكارانی ئەو بازاڕە كەوتووە، ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی ئەنجومەنێكن بەمەبەستی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ قەرەبووكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی دوكانەكان، ئێمەش دەبین بە بەشێك لە ئەنجومەنەكە.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی لە سلێمانی باسی لەوەشكردووە، ئێمە وەك یەكێتی نیشتمانی چیمان پێبكرێت بۆ ئەو دوكاندارانە ئەنجامی دەدەین و درێغی ناكەین، هاوكات هەموو دام و دەزگاكانی حكومەت رادەسپێرین كاری خۆیان ئەنجام بدەن.
لە راگەیاندراوێکدا بەرگری شارستانی سلێمانی سەبارەت بە ئاگرەکەی بازاڕی مەزاد خانەی سەرەوە(دارە سووتاوەکە) رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە بەشێکی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە و دەیان دوکان سوتان. بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانیش لە راگەیەندراوەکەدا بڵاویکردەوە کە تیمەکانیان توانیویانە ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی مەزادخانەی سەرەوە (دارەسووتاوەکە) کۆنتڕۆڵ بکە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای گەورەیی ئاگرەکە و بوونی بڕێکی زۆر لە کەلوپەلی جۆراوجۆر و ئاسان بۆ سووتان کە هۆکار بوون بۆ خێرا تەشەنەکردنی، بەڵام تیمە کارامە و دڵسۆزەکانی بەرگری شارستانی توانیان بە دانانی پلانێکی تۆکمە و دابەشبوونیان بەسەر شەش قۆڵدا، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و رێگری لە تەشەنەکردنی زیاتری بکەن بۆ دوکان و موڵکی دەوروبەری ناو بازاڕەکە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی جەختی کردۆتەوە کە خۆشبەختانە ئەم ڕووداوە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.