دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد

هەرێم نیوز

بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراق کرد و پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێک بووە لە تەوەرەی گفتوگۆی نێوانیان.

لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پیرمام لەگەڵ بارزانی کۆ بووەوە. 

لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەكە كرا، هەروەها جەختیش لە هەماهەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەكان و چارەسەریی كێشەكان كرایەوە.

بەگوێرەی راگەیاندراوەکەی بارزانی، پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.

وا بڕیارە دوای ئەم کۆبوونەوەیە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.

لە لایەکی دیکەوە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئـەوەی خستووەتە ڕوو "لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە کۆی گشتیی بارودۆخ و پرسەکان لەسەر ئاستی نیشتمانیدا کرا، لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکوومەت بە بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی و پەیوەندی لەگەڵ هێزە سیاسییەکاندا." 

ئاماژە بەوەش دراوە، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا "میکانیزمەکانی بەهێزکردنی تواناکانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هاوکاریی هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە شایستە نیشتمانییەکان، باس کرا."

سوودانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوای لێ کردن پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.

باس لەوەش کراوە، لە دیدارەکەدا بارزانی ستایشی سیاسەتی هاوسەنگیی حکوومەتی فیدراڵی بەرانبەر بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، پابەندبوونی بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ڕاوێژ و پەیوەندیی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان لەسەر کۆی گشتیی پرسەکان کردووە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP