دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و سودانی بڵاوکرایەوە

هەرێم نیوز 

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووە و لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ژمارەیەک دۆسیە و پرس لەسەر ئاستی نیشتمانی و دیارترین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتی و هەڵوێستی حکومەت سەبارەت بەقەیرانەکانی ناوچەکە کرا. 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ شەممە لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ژمارەیەک دۆسیە و پرس لەسەر ئاستی نیشتمانی و دیارترین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتی و هەڵوێستی حکومەت سەبارەت بەقەیرانەکانی ناوچەکە کرا، هەروەها جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی هاوبەشی و هەماهەنگی لەڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای هاوکاری و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆستدا.

ئەوەش هاتووە، سودانی ئاماژەی بەوەکرد کە حکومەت سەرکەوتوو بووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە جۆراوجۆرەکان چ ناوخۆیی یان دەرەکی بێت، سەرەڕای ئەو گۆڕانکاری و ڕووداوانەی کە لەناوچەکەدا ڕوودەدەن بەرپرسیارێتی خۆی لەئەستۆ گرتووە، هەروەها جەختی لەسەر هەوڵەکانی کردەوە بۆ پەرەپێدانی ئابووری نیشتمانی و سەقامگیری لە سەرجەم ناوچەکانی وڵاتدا.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی کارکردن کرا، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو دۆسیە هاوبەشەکان و لابردنی هەموو ئاستەنگەکان، بەپێی دەستوور و یاسا، بە شێوەیەک کە دادپەروەری و قازانج بۆ هەموو عێراقییەکان بەدەستبهێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP