هەرێم نیوز
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەلعەرەبیەی ڕاگەیاندووە، حکومەتی ئەمریکا بە جددی پلانی هەیە بۆ زیادکردنی سیاسەتی "زۆرترین فشار" دژی ئێران. ڕاشیگەیاند بەدواداچوون دەکەن بۆ پلانێکی بەرفراوان بۆ ناردنی ژمارەیەکی زۆر سەربازی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەفتەی ڕابردوو هەواڵی جێگیرکردنی گروپێکی دیکە لە هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بڵاوکرایەوە. بە گوتەی ئەم بەرپرسە ئەمریکییە، جێگیرکردنی هێزی نوێ تەنیا بۆ یەمەن نییە، بەڵکو بەشێکە لە پلانێکی فراوانتر کە سەنتەری ئێرانە.
هاوکات سەرچاوەکانی ئەلعەرەبیە لە واشنتۆن بڵاویان کردەوە کە ترەمپ و تیمەکەی پەیامی جیاوازیان لە بەرپرسانی ئێرانەوە پێگەیشتووە. لەلایەک عەلی خامنەیی جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا بکرێت، بەڵام مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشە بە پێویست دەزانێت. لە هەمان کاتدا هەندێک کەسایەتی دیکە لە ئێرانیش هەڵوێستی جیاوازیان وەرگرتووە.
ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران چەندین داواکاری لە ئێران هەیە، بە وتەی مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ئەو داواکارییانە بریتین لەوەی ئێران بەتەواوەتی دەستهەڵگرێت لە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی، هەروەها پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەش ڕاگرێت.
سەرەڕای ئەم گرژییانە، بەشێک لە لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن چاودێری دەکەن. بەشێک لەو سەرچاوانە باسیان لەوە کردووە ئێران بەڕێژەیەک ئامادەی قبوڵکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا بووە.
ئەلعەرەبیە دەڵێت سەرچاوەیەک کە ئاگاداری پەیوەندییەکانی ئێرانە لەگەڵ هەندێک وڵاتی ناوچەکەدا بۆ ئەم بابەتە، ڕایگەیاندووە کە ئێران هیچ بەربەستێکی بەرچاوی نییە بۆئەوەی وەڵامی ئەرێنی داواکانی ئەمریکا بداتەوە. بە وتەی ناوبراو، ئەم ئامادەییەش بریتییە لە وازهێنان لە بەرنامەی ئەتۆمی یان ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو، کەمکردنەوەی مەودای بەرنامەی مووشەکی، ڕاگرتنی فرۆشتن یان گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ لایەنی سێیەم و دواجار ڕاگرتنی دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی و خۆبەدوورگرتن لە پشتیوانیکردنی چەکدارانی عێراق و یەمەن و لوبنان.