دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

پێکهێنانی حکومەتی ڕاگوزه‌ر لە سوریا ڕادەگەیەنرێت و کوردەکانی ڕۆژئاوا نیگەرانن

هەرێم نیوز

تەلەفزیۆنی سوریا بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان بڵاویکردەوە، ئەمشەو پێکهێنانی حکومەتی ڕاگوزەر ڕادەگەیەنرێت، به‌ڵام ناڕەزایی بە ڕونی لای کوردەکانی سوریا دەرکەوتوە ئه‌وه‌ش لە ئەنجامی دورخستنەوەیان لە ڕاوێژکارییەکانی پێکهێنانی حکومەتی ڕاگوزه‌ر و داوای گۆرینی دەستوری راگوزەری سوریا ده‌كه‌ن.

تەلەفزیۆنی سوریا، لەزاری سەرچاوە تایبەتەکان بڵاویكردووەتەوە، راگەیاندنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا، كە بڕیاربوو نێوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجامبدرێت، خراوەتە کاتژمێر 10ی ئەم شەو.

بڕیارە حكومەتی نوێی سوریا لە (22) وەزارەت پێكبهێنرێت، وەزیرانی دەرەوەو ناوخۆ و بەرگری كە سەربە (دەستەی تەحریری شام)ن و كەسانی نزیكن لە ئەحەمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریا، لە شوێنەكانی خۆیان دەمێننەوە لە حكومەتی نوێدا.

بەرپرسانی سوریا پێوەری لێهاتویيان كردووە بە ئەلەویەت لەپێكهێنانی حكومەت و هەڵبژاردنی وەزیرەكاندا، دەنگۆی بەشداری دوو وەزیری كورد هەیە لەكابینەی نوێی حكومەتی راگوزەری سوریا، بەڵام پێدەچێت بەشدارییان تەنها جۆرێك بێت لەپیشاندانی بەشداری پێكهاتەكان لە حكومەتی دیمەشقدا، بەوپێیەی ئەنجومەنی سوریاری دیموكراتی بەشداریكردنی لە حكومەتی دیمەشق رەتكردووەتەوەو رایگەیاندووە، تا دەستوری راگوزەری سوریا نەگۆڕێت بەشداری لە حكومەت ناكەن، هاوكات ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریاش (ئەنەكەسە)، بە فەرمی بەشداریكردنی لە رێورەسمی راگەیاندنی حكومەتی نوێی سوریا رەتكردووەتەوەو دەڵێت، هیچ پرس و راوێژێكان پێنەكراوە.

یەكێك لە مەرجە دیارەكانی وڵاتانی خۆرئاوا بۆ هاوكاریكردنی دیمەشق، بەشداریپێكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی سوریايە لە حكومەت و دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە، پێدەچێت كاردانەوەو ناڕەزایی پێكهاتەكانی سوریا لەبارەی پەراوێزخستنیان لەناوەندی بڕیار لە دیمەشق، كاردانەوەی نەرێنی وڵاتانی ئەورپای بەدوادابێت.

ڕه‌شنوسی دەستوری نوێ "دەسەڵاتی ڕەها" دەداتە ئەحمەد شه‌رع بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی ڕاگوزەر بەبێ جێبەجێکردنی خواستەکانی کەمینەکان، بە سەرۆکایەتی کورد و مەسیحییەکان، کە ترسی خۆیان لە دوباره‌بونه‌وه‌ی هه‌مان "ڕژێمێکی دەسەڵاتخواز" ی پێشو دەربڕی. 

لە سەردەمی به‌شار ئەسەددا، کورد بە درێژایی ساڵانی ڕابردو پابەندی دامەزراندنی سیستمی حکومەتی فیدڕاڵی و دەستەبەرکردنی مافە سیاسی و کولتورییەکانی لە دەستوردا مایەوە و پێناچێت دوای دەستبەکاربونی ئەحمەد شه‌رع دەستبەرداری ئەو جۆرە داواکاریانە بن.

ئه‌حمه‌د شه‌رع ڕێکەوتنێکی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، مەزلوم عەبدی واژۆ کردبو، کە بە "مێژویی" وەسف کرابو، کە مەرجی یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیدارەی خۆسەری لە ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی له‌خۆگرتبو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP