دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

بەرەی كوردستانی سوریا: حكوومەتی نوێی سووریا بەرهەمی رێككەوتنی نیشتمانی نییە

هەرێم نیوز

بەرەی کوردستانی سووریا لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیەنێت، ئەو حکوومەتەی دوێنێ ئەحمەد شەرع ڕایگەیاند، بەرهەمی ڕێککەوتنێکی نیشتمانی نییە و نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی سووریا ناکات، دەشڵێت: سیستەمی فیدراڵی ئەمڕۆی سووریا باشترین هاوکێشەیە کە دەتوانێت نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات و مافی هەمووان بپارێزێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە، بەرەی كوردستانی سووریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند،  گەلی سووریا هیوای دەخواست دوای ڕووخانی ڕژێم، ئەم قۆناغە ببێتە سەرەتای كۆتاییهێنان بە ستەم و بنیاتنانی دەوڵەتێكی دیموكراتی فرە لایەن، بەڵام ئەوەی لەو كاتەدا ڕوویدا لە پێكهێنانی حكوومەتی كاتی و پاشان پرۆسەی بەناو دیالۆگی نیشتمانی، دواجاریش حكوومەتی ڕاگوزەر، دووپاتی كردەوە كە ئیدارەی ئێستی بە بەرگێكی ئیسلامی بەرەو ستەمێكی نوێ دەڕوات، لەبری دامەزراندنی شەراكەتی نیشتمانی ڕاستەقینە.

"ئەم حكوومەتەی ڕاگەیەنرا، بەرهەمی ڕێككەوتنێكی نیشتمانی نییە و نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینەی ئەو هەمەچەشنییە نەتەوەییە نییە كە لەوڵاتەكەدا هەیە، ئەم حكوومەتەش ناتوانێت هیچ شەرعییەتیەك بەدەست بهێنێت تا نوێنەرانی پێكهاتە جیاوازەكانی سووریا بەكوردیشەوە نەكات" بەرەكە وا دەڵێن.

دووپات دەكەنەوە حكوومەتێكی كاتی ڕاستەقینە، دەبێت بەرهەمی دیالۆگێكی نیشتمانی گشتگیر بێت كە نوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانەی هەموو پێكهاتەكان بكات و قۆناغێكی نوێ لەسەر بنەماكانی دیموكراسی و پلۆرالیزم و هاوبەشی كاریگەر دابمەزرێنێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ 29ـی ئادار، ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا كابینەی حكوومەتی كاتی سووریای راگەیاند كە لە 23 وەزارەتی پێك دێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP