دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

دەقی رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریا لەسەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب

هەرێم نیوز 

ئەنجوومەنەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب لەگەڵ لیژنەی راسپێردراو لە لایەن دەسەڵاتی سووریاوە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن.

دوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب لە ساڵی 2012ـەوە لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکاندان و ئێستا ئەنجوومەنەکانیان لەگەڵ لیژنەی راسپێردراو لەلایەن دەسەڵاتی سووریاوە لەسەر چەند خاڵێکی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنیان رێککەوتن.

دەقی رێککەوتنەکە:

- هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کە زۆرینە دانیشتووانیان کوردن، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە شاری حەلەب دەبن، بەڵام پێویستە تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و کولتووریان بپارێزرێت و رێزی لێ بگیرێت. 

- وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ، بەرپرسیارێتیی ئاسایشی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە لەئەستۆ دەگرن و رێگە نادەن هیچ دەستدرێژییەکیان بکرێتە سەر و مافیان پێشێل بکرێت.

- بە مەبەستی پاراستنی ئاشتیی هاووڵاتییان، رێگە بە هیچ دیاردەیەکی چەکداری لە دوو گەڕەکەکە نادرێت. دەبێت چەک لە دەستی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆدا بێت کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن. 

- هێزە چەکدارەکان بە چەکەکانییانەوە دەچنە رۆژهەڵاتی فورات (ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە). 

- دوو ناوەندی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکە دروست دەکرێن.

- ئازادی هاتووچۆ بۆ دانیشتوانی هەردوو گەڕەکەکە گەرەنتی دەکرێت.

- لیژنەیەکی هەماهەنگی بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆ لەنێوان شاری حەلەب و ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا پێکدەهێندرێت. 

-  زیندانەکانی هەردوولا لە گیراوەکانی هەردوولا چۆڵ دەکرێن و ئاڵوگۆڕی دیلەکانیش لە نێوانیاندا دەکرێت.

- دامەزراوە و دەزگاکانی بواری خزمەتگوزاری، بەڕێوەبردن، خوێندن، شارەوانی و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە دەمێننەوە تاوەکو رێککەوتنێکی هەمیشەیی دەکرێ.

- ئەم رێککەوتنە لە 1/4/2025 واژۆ کرا و بڵاوکرایەوە.

هەر لەو بارەیەوە بەدران چیا کورد، راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، رێککەوتنەکە بۆ "سەقامگیری و پێکەوەژیانی هاوبەش" گرنگە. 

بەدران چیا کورد، رێککەوتنەکەی بە قۆناغی یەکەم لە پلانێکی فراوانتر ناوبرد کە ئامانج لێی دڵنیاکردنەوەیە لە گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین بۆ زێدی خۆیان و وتیشی، دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەردەوامن. 

بەدران چیا کورد وتی، لە دانوستاندنەکانی داهاتووی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دەسەڵاتی سووریادا بایەخێکی زۆر بە عەفرین دەدرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP