هەرێم نیوز
دواى گۆڕانکارییەکانى سوریا و هەڵاتنى سوریا و هاتنە سەرکاری ئەحمەد شەرع دیاردەیەکى نوێ لە سوریا سەریهەڵداوە ئەویش بوونى سەرکردە سەربازییە جیهادییەکانى نێو حکومەتەکەى شەرعە، بەڵام ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانى رۆژئاوایی و ئەوروپیى و ئەمریکییەکان و کردوویانە بە مەرج ئەگەر دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ حکومەتەکەیدا بکەن پێویستە دەست لەو کەسانە هەڵبگرێت و لە پۆستەکانیان دووریانبخاتەوە.
بوونى ئەفسەرە سەربازییە جیهادییە بیانییەکان کە لە سوریای نوێدا پلەو پۆستى باڵایان پێدراوە و بووەتە یەکێک لە رێگرییەکانى بەردەم هاوکاریکردنى وڵاتانى رۆژئاوا و مەرجی لابردنى سزاکانیان لەسەر ئەو وڵاتە، بەگوێرەى راپۆرتێکى ئاژانسى رۆیتەرز لە 25ـى ئازارى رابووردوو دا ئەمریکا لیستێکى لەناوى ئەو کەسانە داوەتە حکومەتە نوێیەکەى سوریا تیایدا ئاماژە بە ناوى ئەو بەرپرسە بیانییانە کراوە کە بەرپرسیارێتییان پێدراوە و پێیان راگەیاندوون ئەگەر دەتانەوێت هاوکاریتان بکەین ئەوا نابێت بەرپرسیارێتى بدرێتە کەسانى بیانیی و ئەوانەشیان پێیان دراوە لێیان بسەنرێتەوە و دوور بخرێنەوە، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە بەرپرسانى وڵاتانى ئەوروپیی لە هەموو کۆبوونەوە فەرمییەکانیاندا راستەوخۆ ئەحمەد شەرعیان ئاگادارکردووتەوە، لە رۆژنامەکەدا هاتووە هەرچەندە ئامارى تەواو لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەو بیانییانەى کە لەسوریان و کاتى خۆی بۆ جیهادکردن هاتوون، بەڵام ئەوانەیان دیارن کە ئیستا بەرپرسیارێتیان پێدراوەو ئەمانە بەشێکن لەو کەسانە، عەبدولسەمەد سەمریز بەشارى ئەلبانیی، مەولان تەرسون عەبدولسەمەد تاجیکیی، عەبدولڕەحمان حسین خەتیب ئوردنیی عومەر محەمەد جەفتاشى تورکیی، عەلا محەمەد عەبدولباقى میسریی، ئەبنیان ئەحمەد حەریری ئوردنیی، هەروەها عەبدولعەزیز داود خودابوردەیى تاجیکستانییە، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى عەرەبی جەدید، ئەوانە نموونەى ئەو بەرپرسە سەربازییە بیانییانەن کە پلەکانیان لە نێوان عەمید و عەقید دایەو لە پێگە جۆراوجۆرەکاندا دانراون، ئاماژەى بەوەشکردووە بە دڵنیاییەوە لەنێو دامەزراوە ئەمنییەکاندا بەرپرسیارێتى بە کەسانى دیکەى بیانى دراوە بەڵام لەبەر هەستیاریی نەهێڵراوە بزانرێت کێن و هاووڵاتى چى وڵاتێکن.