هەرێم نیوز
ماوەیەکە ئەمریکا هێرشدەکاتە سەر ئەنساروڵای حوسیی لەیەمەن و دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت هێشتا لێدانە قورسەکە ماوە و رووبە ئێرانیش دەڵێت ئەوەى کە تا ئێستا بینیوتانە ئازارە سەختەکە نییە، ئەگەر بە دەم داواکەمانەوە نەیەن خۆتان بۆ سزاى قورستر ئامادەکەن، سەرچاوەیەکى تایبەتى عێراقى کە لەبەر دۆخی هەستیارى بابەتەکە ناوى خۆی ئاشکرا نەکردووە بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدى گوتووە بەرپرسانى عێراقى بەڵێنى ئەوەیان داوە بە ئەمریکییەکان چالاکییە جۆراوجۆرەکانى حوسییەکان لە عێراق رابگرن جگە لە چالاکی مەدەنییانە کە کەمەبەستیان چالاکی میدیاییە ،
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ئەنساروڵاى حوسی لە ساڵی 2018ـەوە لەناوچەى جادرییەى بەغداد نوێنەرایەتییان کردووەتەوە و ئەبو ئیدریس شەرەفى سەرپەرشتیارى نوێنەرایەتییەکە دەکات و چەندین بەرپرسى ئەنساروڵایان داوەتى بەغداد کردووە ، لە ماوەى رابوردووشدا نوێنەرایەتییەکە هەماهەنگی کردووە لەگەڵ گەورە بەرپرسانى عێراقى کە بەرپرسانى پلە باڵاى حوسی سەردانیان بکەن و دانیشتنى تایبەتیان لەگەڵ ئەنجام بدەن،
لە نێویاندا سەرکردەکانى حەشدى شەعبی و میلشیا سەربازییەکانى عێراق، بەرپرسە باڵا عێراقییەکە رایگەیاندووە دواى توندکردنەوەى هێرشەکانى ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان عێراق دەزانێت کە دەبێت بە خێرایی چارەسەرى ئەو دۆخە بکات بۆ ئەوەى بیانوویەک نەدرێت بە ئەمریکا و هێرشیان نەکاتە سەر و گوتوشیەتى لە ئێستادا نوێنەرایەتی حوسیەکان بارێکى قورسە بەسەریانەوە بۆیە بڕیاریانداوە هەموو چالاکییەکانى رابگرن جگە لە کاروباری مەدەنى، نەیشاردووتەوە هەرچەندە نوێنەرایەتییەکە بە فەرمی ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا نوێنەرایەتییەکە لە بەغداد ماوەتەوە.
ئەوەى ماوەتەوە بگوترێت ئەوەیە سەرەڕای ئەوەى ئەنساروڵا رایانگەیاندووە چەندین ئامانجی ئەمریکییان کردووتە ئامانج و فرۆکەیەکى بێفرۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە، بەڵام وەک رۆژنامەکە نوسیویەتى پێدەچێت ئەمریکا مەبەستى بێت لەبنەوە هەڵیان تەکێنێت و ئەو هەڕەشەیە لاببات کە بەسەر دوورگەى هورمزە و دەریاى سوورەوە هەیانە و لە سەرەتاى جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە تا ئێستا دروستیان کردووە.