هەرێم نیوز
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەیمەن سەفدی، هاوتا ئوردنییەکەی بە تەلەفۆن قسەیان کرد، سەفدی دووپاتی کردەوە کە گرتە ڤیدیۆکەی یاریی عێراق و فەڵەستین "ساختە"یە.
ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئوردن بە تەلەفۆن پەیوەندی لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقەوی كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا قسەوباس لەبارەی ئەو كاردانەوانە كرا، كە دوای یارییەكەی رۆژی 25ی ئەم مانگەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق و فەلەستین لە ئوردن دروستبووە، بەتایبەتی گرتەیەكی ڤیدیۆیی هاندەرانی ئوردن و فەلەستین كە دروشمی "يا عراقي يا ك*و*اد روح ارجع لبغداد" دەڵێنەوەو ئەمەش كاردانەوەی توندی لە شەقامی عێراقیدا دروستكردووە، تا رادەی ئەوەی هەندێك داوا دەكەن عێراق هەناردەی نەوت بۆ ئوردن رابگرێت.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی ئوردن وتویەتی: لێكۆڵینەوە تەكنیكییەكان دەریانخستووە ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوكراوەتەوە بەتەواوەتی ساختەیەو هیچ راستییەكی تێدا نییە.
وەزیری دەرەوەی ئوردن رایگەیاندووە كە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ زانینی ئەو لایەنانەی كە لە پشت ئەم هەڵمەتە چەواشەكارییەوەن بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دژ بە تێوەگلاوان.
هەردوو وەزیر جەختیان لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئوردن و هۆشیاریی هەردوو گەل كردوەتەوە كە بەوتەی ئەوان گەورەترە لەوەی ئەم جۆرە چەواشەكارییانە كاریگەریی لەسەر هەبێت.
هەر ئەمڕۆ یەكێتیی تۆپی پێی ئوردن بەهەمان شێوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند ئەو ڤیدیۆیە ساختە.