دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

باڵیۆزی ئێران لە عێراق ناوەڕۆکی نامەکەی ترەمپ ئاشکرا دەکات؛ ئێران بۆ دانوستان ئامادەیە

هەرێم نیوز

محەممەد کازم ئالسادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی شەرقییەی عێراق ڕایگەیاند، نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری عێراق بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، داوای هەڵوەشاندنەوە یان یەکخستنی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی بە وەکالەتی حکوومەتی ئێران لە ناوچەکەدا لەخۆگرتبوو.

لەو وتووێژەدا کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچوو، ئەلسادق ئاماژەی بە داواکارییەکەی ترامپ بۆ خامنەیی کرد و وتی: ئەم بابەتە هەم بۆ ئێران و هەم بۆ عێراق قبوڵکراو نییە. "هێزەکانی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی یاساییە."

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران دوای پێگەیشتنی نامەکە ڕایگەیاند کە ئامادەیە بۆ دانوستان و وتی: هیچ دانوستانێک سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکی لە ئارادا نییە. تاکە شتێک کە دەمێنێتەوە فایلە ئەتۆمییەکە. "ئەگەر ئەوان مەرج و قسەیەک دەرببڕن کە مافە تەواوەکانی ئێران دەستەبەر بکات، ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان".

کاتژمێرێک دوای ئەو گفتوگۆیە، محەممەد شایع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەر داواکارییەکی ئەمریکای بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕەتکردەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی دیجلەی عێراق، سودانی وتی: ئەو جۆرە لێدوانانە نە پەیوەندیدارن و نە قبوڵکراون. ئاماژەی بەوەشکرد: هێزەکانی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی ئەمنییە لەژێر سەروەری عێراقدا و لە ئێستادا حکومەتەکەمان یاسای سیستماتیکی زیاتری بۆ دادەڕێژێت.

ئەم لێدوانە دژبەیەکانە لە کاتێکدایە کە باراک ڕاڤید پەیامنێری ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە سەرچاوەیەکی ئاگادار پشتڕاستی کردووەتەوە کە عومان ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە وەڵامی ئێرانی بۆ نامەکەی ترەمپ پێگەیشتووە.

عومانییەکان ئەو پەیامانەی لە ئێرانەوە پێیان گەیشتووە، ئەمریکایان ئاگادار کردووەتەوە و بەنیازن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو نامەیەی لە تارانەوە دەستیان کەوتووە بگەیەننە کۆشکی سپی.

سکای نیوزی عەرەبی بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئێرانییەکان بڵاویکردەوە، وەڵامی ئێران بۆ نامەکەی دۆناڵد ترەمپ باس لە "دیاریکردنی چوارچێوەی ڕێڕەوی دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ واشنتۆن" کراوە.

ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بۆ ناوەڕۆکی نامەکەی دۆناڵد ترامپ نەخستووەتەڕوو و لێدوانەکانی باڵیۆزی ئێران لە عێراق یەکەم لێدوانی بەرپرسێکی فەرمی حکوومەتی ئێرانە سەبارەت بە بەشێک لە نامەکەی ترامپ و داواکارییەکانی لە تاران.

پێشتر سایتی هەواڵی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی ئاگادار لەسەر نامەکە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ لە نامەکەیدا بۆ عەلی خامنەیی شێوازێکی توندی هەبووە و دوا وادەی دوو مانگی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەخۆگرتووە.

ئەکسیۆس نووسیویەتی، ڕوون نییە کە ئایا ئەو وادەی دوو مانگەی کە بە تاران دراوە، لە کاتی ناردنی نامەکەوە حیساب کراوە یان لە کاتی دەستپێکردنی ئەگەری دانوستانەکانەوە.

کەمال خەرازی، سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتی، ڕۆژی پێنجشەممە، وتی: حکوومەتی ئێران هەموو ڕێگاکانی دانوستانی دانەخستووە، بەڵکو ئامادەیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بکات بۆ هەڵسەنگاندنی لایەنی بەرامبەر، ڕاگەیاندنی مەرجەکانی و بڕیاردانی گونجاو.

دۆناڵد ترەمپ لە دوایین لێدوانی خۆیدا سەبارەت بەم بابەتە، ڕۆژی سێشەممە، ڕایگەیاند: ئێران دەبێت لە زووترین کاتدا دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی بکات، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێکەوتەی سەخت دەبێتەوە.

ترەمپ ئاماژەی بە هێرشە بەربڵاوەکانی ئەمریکا کردووە بۆ سەر حوسییەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات: حوسییەکان لە ژێر گوشاری تونددان، خراپترین ئەندامەکانیان کوژراون.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم گروپە هێزێکی لاواز و بێ ئەزموون نییە. ئەوان خۆیان مووشەک بەرهەم دەهێنن و بێگومان مووشەک لە ئێرانیش وەردەگرن. "ئەوان لقێکی دیکەی ئێرانن، هەروەک چۆن گروپەکانی دیکە".

ترەمپ وتی: ئێوە حەماستان هەیە، حزبوڵڵاتان هەیە، حوسییەکانتان هەیە، ئێران ڕۆڵی هەیە لە هەموو ئەو بابەتانەدا، ئێمە نامەیەکمان بۆ ئێران نارد و گوتمان بەم نزیکانە ناچار دەکرێن دانوستان لەگەڵ ئێمە بکەن، چونکە ناتوانین ڕێگە بدەین ئەم دۆخە بەردەوام بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP