ن: ئەلەکساندەر دۆگین
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان
شیکردنەوەی ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا، چۆن توانیی دەسەڵات وەربگرێت و شۆڕشێکی نوێ بەرپا بکات لە پەیوەندیدا بە ڕەوتی پێشووی گلۆبالیزمی لیبراڵەوە، کە چەند دەیەیەک بەردەوام بووە، گەلێک پرسیاری ترسناک دەورووژێنێت. بەتایبەتی ئەگەر فاکتەری دەوڵەتی قووڵ لەبەرچاو بگرین.
دوای هەموو شتێک، ترەمپییەکان جەنگێکی ڕاستەقینەیان دژی ئەم دەوڵەتە قووڵە ڕاگەیاند و چەند ئامانجێکی گرنگیشیان پێکا – هەر بەتەنیا داخستنی ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، ئەو ماندووبوونەی دەهێنا. ترەمپییەکان خۆیان وەها لە “دەوڵەتی قووڵ” تێ دەگەن کە مانایەکی زۆر دیاریکراوی هەبێت.
ئەم دەستەبژێرە فەرمانڕەوا و خاوەن ئایدیۆلۆژیا لیبراڵە (چەپڕەو و کۆنزێرڤاتیزمی نوێ وەکوو یەك)، کە ڕەگی بەهێزی لەناو حکوومەتی ئەمریکادا داکوتاوە و ئۆلیگارشیی دارایی و سەربازی و تەکنەلۆژیی زۆر پێشکەوتوو، پشتیوانیی لێ دەکەن، بە تۆڕ و داوەکانیشی دزەی کردۆتە ناو دەزگەکانی هەواڵگرییەوە.
ئەم دەستەبژێرە، چارەنووسی ئەمریکا و ڕۆژاوای وەک گشت، پێوەست کردووە بە گلۆبالیزم و تاکجەمسەری و بڵابوونەوەی ئایدیۆلۆژیاکەیەوە لەسەر ئاستی هەسارەکە، کە بەخشینی ڕەوایی بە لادانە ڕەوشتییەکان و تێکەڵکردنی زۆرەملێی گرووپە نەژادییەکان، لەتوێی هاندانی كۆچکردنی بەکۆمەڵ و لاوازکردنی دەوڵەتە نەتەوەیییە خاوەن سەروەرییەکان، لەخۆ دەگرێت.
ترەمپ ئایدیۆلۆژیایەکی تەواو پێچەوانەی خستە ڕوو – ئایدیۆلۆژیای MAGA (کورتکراوەی دروشمی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٦ی ترەمپە، واتە: Make America Great Again (دیسان ئەمریکا بەهێز بکەرەوە)، وەرگێڕی کوردی. سیستەمی نوێی جیهان لەسەر چەند بناغەیەکی ناتەبا و ناکۆک دامەزراوە: بەها نەریتییەکان، دابەشکردنی سروشتیی دوو ڕەگەزەکە (تەنیا پیاوان و ژنان هەن)، پاراستنی گەلان لە كۆچکردنی بەکۆمەڵ، بەتایبەتی كۆچی نایاسایی، چەسپاندنی سەروەری و پارێزگاریکردن لە دەوڵەتە نیشتمانییەکان و داننان بە جیهانێکی فرەجەمسەردا (لە لێکدانەوەی ترەمپدا ئەمە هەمووی ناو دەنرێت “سیستەمی زلهێزەکان”).
ئاشکرایە کە بەپێی ڕەنگدانەوەکانی ئەم جۆرە وەرچەرخانە نموونەیییە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، پشێوییەکی ئایدیۆلۆژی و تەنانەت جیۆسیاسییش هاتۆتە ئاراوە.
سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی کارتەکان بە شێوەیەکی تەواوەتی و دابەشکردنێکی نوێی ڕۆڵی “دۆست” و “دوژمن” لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.
ترەمپ هەموو ئەمەی لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا ڕوون کردەوە (بە ڕۆحی “پڕۆژەی ٢٠٢٥”ەوە، کە بەفەرمی دەستبەرداری بوو، بەڵام وەک دەبینین، بەخێرایی جێبەجێ دەکرێت).
جەنگی قەڵاچۆکردن دژی دەوڵەتی قووڵ
دوای دەسبەکاربوونی، یەکسەر کەوتە پیادەکردنی ئەو پلانانە؛ لایەنگرانی بەهێزی لە پۆستە سەرەکییەکانی ئیدارەی نوێدا دامەزراند، دەسەڵاتی نائاساییی پێ دان (جی دی ڤانس، ئیلۆن ماسک، تولسی گابارد، کاش باتیل، ڕۆبێرت کنێدیی بچووک، بامێلا بۆندی، کارۆلین لیفات، هیتریش).
دواجار، ترەمپ لە وتاری ڕۆژی سێی ئاداریدا لە بەردەم هەردوو ئەنجومەنەکەی پەرلەمانی ئەمریکادا، بەرنامەكەی خۆی بە شێوەی كۆتایی خستە ڕوو و، هەموو خاڵە سەرەکییەکانی لە یەک بەڵگەنامەدا کورت کردەوە، كە بوو بە نەخشەڕێگەی شۆڕشە کۆنزێرڤاتیڤەکەی. لە جەوهەریشدا، جەنگی قەڵاچۆکردن دژی دەوڵەتی قووڵ ڕاگەیەنرا. ترەمپیش ڕێڕەوێکی بۆ لەناوبردنی دیاری کرد.
پشتیوانییەکی نائاسایی لە دەوڵەتی قووڵەوە
بەڵام تەنانەت لە کاتێکی پێشووتریشدا، لە شیکردنەوەی دیاردەی شۆڕشەکەی ترەمپدا، کە دوا کتێبی خۆمم بۆ تەرخان کردووە، گریمانەیەکم خستۆتە ڕوو دەربارەی ئەوەی ترەمپ نەیدەتوانی ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەیییانە بکات، تەنانەت نەیشیدەتوانی هەڵبژاردن بباتەوە و بژی تا بە چاوی خۆی دامەزراندنەکە ببینێت؛ ئەگەر پشتیوانییەکی نائاسایی لە دەسەڵاتی زۆر بەهێزی سەر ئاستی دەوڵەتی قووڵەوە لێ نەکرایە. دوای کۆتاییهاتنی هەموو شتێک، بە درێژاییی چەند دەیەیەک لە فەرمانڕەواییی دابەشنەکراو، گلۆبالیستەکانی ئەم جۆرە سالارییەیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و جیهانیش بەدەست هێنا؛ بە جۆرێک کە بەتەواوەتی کۆنترۆڵی ڕەوشی سیاسەت و ئابووری و میدیا و دیپلۆماسی و کەلتوور و هونەریان کرد. دەسپێشخەرییە پڕخواستەکەی ترەمپ، نەیدەتوانی هەموو ئەمە بە یەک گوژمە تەواو بکات – تەنانەت لەگەڵ پشتیوانیی جەماوەری ئەمریکاشدا، کە سیاسەتەکانی گلۆبالیستە لیبراڵەکان، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانیان گۆڕیبوو بۆ بەندیخانەی پانۆپتیکۆن و وێرانیان کردبوو، تۆقاندبوونی – هێشتا هەر نەیدەتوانی سەرکەوتوو ببێت، ئەگەر بڕیارێکی بنەڕەتی و ڕیشەیی لەسەر ئاستێکی قووڵ نەبووایە.
بەڵام ناکۆکییەکە لێرەدایە؛ چۆن دەوڵەتی قووڵ گڵۆپی سەوز بۆ وێرانکردنی خۆی هەڵدەکات؟ بێ شک، ئەگەر ئێمە باسی دابەشبوونێک لە بونیادەکەیدا بکەین، واتە باسی ئەوە بکەین کە بەشێک لە دەوڵەتە قووڵەکە لایەنی ترەمپی هەڵبژاردووە، بەشەکەی تریشی لەسەر هەڵوێستە ئایدیۆلۆژییەکانی پێشووی ماوەتەوە، وەک لە چەندان دەقی پێشووتردا ئاماژەم بۆ کردووە، ئەوە ناکۆکییەکە دەڕەوێتەوە.
بەڵام لەم حاڵەتەدا، دوای ئەوەی گەیشتنە دەسەڵات، شتێکی لۆژیکی دەبێت ترەمپ و لایەنگرەکانی، دەوڵەتی قووڵ لەبیر بکەن و واز لە بانگەشەکردن بۆ لەناوبردنی بهێنن. دەشیا ئەمە هەر دروشمێکی هەڵبژاردن بێت و بەس – پرۆسێسەکانی پاکتاوکردن جێبەجێ دەکران و هیچ ڕیکلامێکی تایبەتیشیان بۆ نەدەکرا، دەوڵەتی قووڵی هەموارکراو بە شێوازێکی دیکە کاری دەکرد. بەڵام شتێکی تەواو پێچەوانە ڕووی دا؛ لایەنگرانی ترەمپ و جووڵانەوەی MAGA بەردەوامن لەسەر تێکشکاندنی دەوڵەتی قووڵ و لەناوبردنی، نەک تەنیا ملی پێ کەچ بکەن.
دەوڵەتی قووڵ و دەوڵەتی قووڵتر
تا ڕاددەیەک ئەوە شتێکی ساویلکانەیە وابزانین پشتیوانیی هێزە جەماوەرگەراکان و ئەمریکییە ئاسایییەکان کە لە ڕاستیدا ناوکی دەنگدەرانی ترەمپ پێک دەهێنن، بەسە بۆ ئەوەی سەرپشک بکرێت بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە ڕیفۆرمە ڕیشەیییانە، واتە بەزاندنی دەوڵەتی قووڵ. بەڵام داننان بەوەدا کە دەوڵەتە قووڵەکە خۆی بڕیاری داوە، خۆی ڕەش بکاتەوە؛ ئەمە پرسێکی زۆر نامۆیە.
لێرەوە ئەو گریمانەیە هاتووە کە دەڵێت یەک دەوڵەتی قووڵ لە ئارادا نییە، بەڵکوو دووانن.
دەوڵەتی قووڵ و دەوڵەتی قووڵتر هەن. دەوڵەتی قووڵ تۆڕێکی ئەمریکی و جیهانییە و لە گلۆبالیستە لیبراڵەکان درووست بووە، واتە جۆرە لیبرالیزمێکی نیودەوڵەتییە. ئەمەیش ڕێک ئەوەیە کە ترەمپییەکان خۆیان دەیزانن و لێکی دەدەنەوە. هەر ئەمەیشە کە هیچ سیفەتێکی وای نەبەخشی بە ترەمپ تا فەرمانڕەوایی بکات، بەڵکوو هەتا کۆتایی دژی جەنگا. ئەگەر نەبێت، ئەوە پێویستە دابهێنرێت یان … بخوڵقێنرێت. بەتەنیا پشتیوانیی دانیشتووانە گوندنشینەکانی ئەمریکا لە ویلایەتەکانی پشتێنەی ژەنگەوە، دڵی ئەمریکای باکوور، بەس نەبوو بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی بەرفراوانی وەک ئەمە. بەدڵنیایییەوە پێویستە شتێکی دیکەیش لێرەدا هەبێت. ئەوە چییە؟
بۆ ئەوەی لەم دیاردە ناڕوونەی دەوڵەتی قووڵتر تێ بگەین، پێویستە بەراورد بکەین لە نێوان ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا وەک چل و پێنجەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان- ترەمپی (1.0) و ترەمپی (2.0).
پشتیوانیی جەماوەری ئەمریکا، لەو کاتەیشدا هەر زۆر بەرز بوو و، هەموو هێزە کۆنزێرڤاتیڤەکان و کۆنزێرڤاتیڤە دێرینەکان لە دەوری ترەمپ (1.0) کۆ بوونەوە. هاوکات، ئیدارەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە نوێنەرانی دەوڵەتی قووڵ – لە کۆنزێرڤاتیڤە نوێیە جیهانییەکان و کۆمارییە ناڕوونەکان، ئەوانەی ترەمپییەکان ناوی RINOsیان لێ ناوە کە کورتکراوەی Republican In Name Onlyیە، پێک هێنرا، کە لە کەرگەدەنێکی سووکایەتیپێکراو دەچێت. ئەم ئایدیۆلۆژیایە بە پەلەپروزێ و لە کۆمەڵێک تیۆریی پیلانگێڕیی هەمەچەشنەوە وەرگیرا – هەندێ جار زۆر تیژ و کارایە، بەڵام زۆربەی کاتەکان هەتا بڵێی تڕۆیە.
هەموو ئەمە لە جووڵانەوەی QAnon گوزارشتی لێ کرا کە لەسەر ناوی ئەو تۆمارکەرە نەزانراوەی ئەم تیۆرییە ڕۆژاوایییانەی لەژێر ناوی خوازراوی Qدا و چالاکانە پشتیوانیی لە ترەمپ کرد؛ تەنانەت پێشبینییشی کرد هەڵبژاردنی ساڵێ ٢٠١٦ بباتەوە.
ترەمپ بەڕاستی کەسێکی جەماوەرگەرا (پۆپۆلیست)ی سەرکەوتووی کاریزمایی بوو، کێبرکێی هەموو یاسا و ڕێساکانی کرد و بە سواری شەپۆلێکی نائومێدبوونی جەماوەر لە گلۆبالیست و لیبراڵەکان، خۆی کرد بە کۆشکی سپیدا. بەڵام ئەو ئایدیۆلۆژیایەکی نەبوو، بەڵکوو جۆرە بەدیلێکی بۆ ئایدیۆلۆژیا هەبوو.
بەڵام لە ماوەی خوێندنی دووەمدا، ئەم ئایدیۆلۆژیایە دەركەوت. کرۆکەکەی هەر جەماوەرگەرا و لیبراڵی بوو. پێشتریش شتێکی وا ڕووی دابوو: بچووککردنەوەی حکوومەت و کەمکردنەوەی ئیمتیازە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی جۆری کۆمەڵایەتی و سانسۆری لیبراڵی و نەهێشتنی كۆچی نایاسایی و شتی دیکەی لەو جۆرە.
ستیف بانۆن بە شێوەیەکی جێگیر نوێنەرایەتیی ئەم جەمسەرە دەکات، کە لە ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی هەبوو. بەڵام ئێستا ئەم سیستەمە تا ڕاددەیەک لە گۆشەنیگا کۆنزێرڤاتیڤە جەماوەرگەرا و نەتەوەیییەکانەوە داڕێژراوە و بەتەواوی ڕوون بۆتەوە؛ ئەمەیش لە بەڵگەنامەیەکی جیادا بە ناوی “پڕۆژەی ٢٠٢٥”دا ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام ڕێی تێ ناچێت ئەم جۆرە حوکمانە هەڵوێستی ڕاستەقینەی ئەوەی بە دەوڵەتی قووڵ دادەنرێت، پەرچ بکاتەوە، بەتایبەتی دەوڵەتی دووەمیان کە لەو قووڵترە. ئەمە هەمان کۆمەڵە بەها و هەڵوێستی ئەمریکییە، کە لە قۆناغەکەی پێشووەوە وەرگیراون.
ناشێت ئەمە پڕۆژەیەکی ڕاستەقینە بێت بۆ ئاییندەیەکی جێگرەوە، تەنانەت ئەگەر قابیلی بەراوردکردنێکی دووربەدووریش بێت لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای گلۆبالیستە لیبراڵەکاندا، کە لە دەوڵەتی قووڵدا بەرجەستە بووە. دەوڵەتی قووڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، تا خاڵێکی دیاریکراو دەڕوانێتە ئیدارە بەنۆرەکانی دیموکرات و کۆمارییەکان؛ بەو حسێبەی گۆڕانێک بێت لە ڕووکاری پێشەوەی سیستەمەکەدا. ڕێی تێ ناچێت هیچ شتێکی قووڵ بتوانێت لەسەر حیسابی کۆپییەکی پێشکەوتووتر و پێشکەوتنخوازتر، پێشینەیی بداتە سەردەمێکی ئەمریکیی پێشووتر و بارودۆخ و ئەولەوییاتەکانی. ئەمەیش واتە دەبێت بە دوای شوێنەوارەکانی حاڵەتێکی قووڵتر و لە جێگەیەکی دیکەدا، بگەڕێین.
لایەنگرانی تاودان
لێرەدا شتێکی تەواو نوێ دێت بۆ ڕزگارکردنمان؛ شتێکە هەتا ئەم نزیکانە و سەرەتای سەردەمی ترەمپ، بوونی نەبوو. لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٤دا، ترەمپ پشتیوانیی چەند کەسایەتییەکی سەرەکیی دۆڵی سیلیکۆنی بەدەست هێنا – ئۆلیگارش و تەکنۆکراتەکان، کە هەر بە نەریت، پێوەستن بە پارتی دیموکراتەوە. ئەم گرووپە زۆر گرنگی دەدات بە پرۆسەی تاودانی کات؛ ئەمەیش بووەتە هۆی دەرکەوتنی زاراوەیەکی تایبەت و فەلسەفەیەکی بەرامبەری – تاودان.
لایەنگرانی تاودان لەو باوەڕەدان کە بوون تەنیا لە کاتدا چڕ دەبێتەوە و، لە توێی خێراکردنی کات و خێراکردنی پێشکەوتنی تەکنیکی و بەتایبەت لە بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زیرەکیی دەستکرددا، دەتوانین گوێزانەوەی مرۆڤایەتی بۆ ئاستێکی جۆریی نوێ بەدی بهێنرێت. ڕاستییەكەی، ئەم قەڵەمبازە بەرەو پاشمرۆڤایەتی، یان سەروومرۆڤایەتییە.
بەڵام لە قۆناغێکدا، بانگەشەکەرانی تاودانی دۆڵی سیلیکۆن دابەش بوون بۆ دوو شەپۆل:
لایەنگرە چەپڕەوەکانی تاودان (acc-چەپڕەو) و بانگەشەکەرانی تاودانی ڕاستڕەو (acc-ڕاستڕەو). ئەوەی یەکەمیان باوەڕیان وابوو کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژی بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵ ئەجێندای لیبرالیزمی چەپڕەودا دەسازێت؛ ئەوانە ئۆپۆزیسیۆنی بێمەرجی کۆنزێرڤاتیزم و جەماوەرگەرایی بوون. بەڵام ئەوەی تریان دوو دەیە لەمەوبەر تێزێکی تا ڕاددەیەک ناکۆکتری خستە ڕوو: ئایدیۆلۆژیای لیبراڵەکان بە هەڵوێستە جێگیرەکانی و سیاسەتەکانی جۆری کۆمەڵایەتی و ئاگایی و هەمەچەشنی و ڕەوایی و کەلتووری ڕەشکردنەوە و سانسۆر و نەهێشتنی سنوور و كۆچکردنی بێکۆنترۆڵ؛ لە ئێستادا قۆرتی بەردەمی گەشەپێدانن – ئەو نەک هەر کات خێرا ناکات، بەڵکوو خاویشی دەکاتەوە. ڕۆشنبیرانی ئەم قوتابخانەیە، کیرتس یارفین و نیک لاند، تیۆریی “ڕۆشنگەریی تاریک”یان داڕشت، کە بەپێی ئەم تیۆرییە، بۆ ئەوەی بچینە ناو ئاییندەوە، پێویستە لە لایەنگرییە مرۆیییەکان و ڕۆشنگەریی باو ڕزگار بین؛ بەپێچەوانەی ئەمەوە، وەرچەرخان بەرەو دامەزراوە نەریتییەکان – وەک موڵکایەتی و کۆمەڵگەی چینایەتی و تائیفەکان و سیستەمە داخراوەکان – زیاتر بەشداری لە پێشکەوتنی تەکنیکیدا دەکەن.
کۆنترۆڵکردنی تەکنیکەکانی چاودێری
گرنگە ئەم بیرۆکەیە پشتیوانیی چالاکی ژمارەیەک لە تاکە ئۆلیگارشەکان بەدەست بهێنێت – پێش هەموو شتێک پیتەر تێل، داهێنەری PayPal وPalantir و چەندان پڕۆژەی سەرکەوتووی دیکە، هەروەها ئیلۆن ماسک. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا، دزەیان کردۆتە ناو قووڵاییی دامەزراوەی ئەمریکییەوە، چونکە کۆنترۆڵی تەکنیکە گرنگەکانی چاودێری و تۆڕەکان و هەواڵگریی ئەلیکترۆنییان کردووە. بە هەمان شێوە پێشکەوتنێکی گەورەیشیان لە بواری پەرەپێدانی ئەندازەییدا بەدەست هێناوە، وەک لە دەستکەوتەکانی ماسکەوە لە بواری بۆشاییدا، دەردەکەوێ. بەم جۆرە لە دۆڵی سیلیکۆن ئاڕاستەیەکی تایبەت پەیدا بوو، كە هەندێ جار ناوی لێ دەنرێت “تیلیزم” وەک ئاماژە بۆ پیتەر تیل. ڕاستڕەوی تاودەر گرووپێکی تۆکمەی ئۆلیگارشە بەهێزەکان بوو، کە لە قۆناغێکدا هەستیان کرد ئەوەندە بەهێزن کە بتوانن هزرەکانی “ڕۆشنگەریی تاریک” ببەنە ناو سیاسەتی ئەمریکاوە.
دیاردەی سێبەر بۆ حاڵەتێکی قووڵتر
گریمانەکەم ئەوەیە کە ئەم دیاردەی سێبەرە، بووە بە بناغە بۆ حاڵەتێکی قووڵتر. ئەوانە کۆنزێرڤاتیڤی ڕاستڕەو نین، بەقەدەر ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئایدیۆلۆژیی دژ بە لیبرالیزمی چەپڕەو و گلۆبالیزمن. زیاد لەوەیش و بەپێی تیۆرییەکەیان، پێشکەوتنی تەکنیکیی سەرکەوتوو، دزەکردنی تەواوەتی بۆ ناو تەکنەلۆژیای نوێ و جۆرێکی نوێ لە بوون، لە سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوورییە داخراوەکاندا نەبێت، بەدی نایەت؛ ئەوانەی سەرلەنوێ شێوەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی دەرەبەگایەتی-پادشایەتی لەسەر ئاستێکی نوێ بەرهەم دەهێننەوە.
بازنەی ناوەوە
تیل لە کاتێکی زووتردا بووە هاوپەیمانی ترەمپ، بازنەیەکی ناوەوەی لە چەند ئەندامێکی خێزانەکەی ترەمپ و ژمارەیەک سیاسەتمەداری کۆماریی هەڵکەوتوو دروست کرد، وەک جی دی ڤانس. سیستەمەکانی بالانتیر، بوون بە بەشێکی پێویستی مومارەسە ڕۆژانەیییەکانی دەزگەی هەواڵگریی مەرکەزی و ئاژانسە هەواڵگرییەکانی تری ئەمریکا؛ جووڵانەوەی ڕۆشنگەریی تاریک، هێواش هێواش لایەنگرەکانی خۆی لەناو ئەوانەوە پەیدا کرد. لە هەمان کاتیشدا بەئەنقەست جەماوەرگەرایی و نەتەوایەتییان وەک پەردەیەکی جەماوەری بۆ هزرە پێشەنگە تا ڕاددەیەک بەدکارەکانی خۆیان، بەکار هێنا.
ناوکی هەڵبژاردن پێویست بوو، بەڵام هاوکات بەس نەبوو بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتن. دوای ئەوەیش “تاودەرە ڕاستڕەوەکان” بڕیاریان دا تۆڕەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەکار بهێنن؛ ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی ئیلۆن ماسک ماڵپەڕی تویتەر (x.com) بکڕێت. ئیتر ماسک بوو بە هێمای جەمسەری دووەم لە ترەمپیزم، کە ناوی ڕاستڕەوی تەکنۆلۆژیی بەسەردا بڕا، كەچی جەماوەرگەراکان وەک ڕاستڕەوی نەریتی ئاماژەیان بۆ دەکرێت. بەشداریی کارا لەلایەن ڕاستڕەوی تەکنەلۆژییەوە، لە توێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لاوانی بەرەو ترەمپ کێش کرد، لە پاڵ ئامڕازەکانی دیکەی کاریگەری کە تەکنیکێکی باڵایان هەبوو؛ ئەمانە بردنەوەیان بۆ زامن کرد. پڕۆژەی ٢٠٢٥یش لەناو هەمان ژینگەدا پێش خرا. کەسانی ناو ئیدارەکە و ئەو پاڵێوراوانەی دەستنیشانیان کردبوو، لە ئیدارە نوێیەکەدا پۆستی باڵایان بەدەست هێنا. وا دیارە ڤانس و ماسک لەژێر ڕۆشناییی گشتیدان، بەڵام ئەمە مشتێکە لە خەروارێک. ژمارەیەک لە کەسێتییەکانی ئەم گرووپە پۆستی سەرەکییان لە ئاستە جیاجیاکانی ئیدارەکەدا وەرگرت. بە شێوەیەکی تایبەتیش، ڕاسل ڤۆگت، کە پەردەی لەسەر “پڕۆژەی ٢٠٢٥” لا دا، پۆستی بەڕێوەبەری بوودجە و کارگێڕیی وەرگرت.
هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی قووڵی لیبرالیزم و گلۆبالیزم
جووڵانەوە تاودەرە ڕاستڕەوەکە لەسەر ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی قووڵی لیبرالیزمی جیهانی دەستبەکار بوو؛ لە توێی دەنگدەرە کۆنزەرڤاتیڤە ئاسایییەکانەوە نا، بەڵکوو لە توێی دزەکردنە ناو سیستەمەکەوە. لەوێوە، بە دەسپێک لە ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپەوە و لە توێی تێکۆشانییەوە بۆ جاری دووەم، کارێکی زەبەلاحی نەبینراو لەگەڕدا بوو، هەتا ماوەی هەڵبژاردن، ئەنجامەکانی نەخرانە ڕوو.
ترەمپ خۆی بینییەوە چەکدار بووە بە ئایدیۆلۆژیایەکی بەهێز و بەرنامەڕێژکراو، لەگەڵ فەراهەمکردنی ڕاستڕەوی نەریتی (وەک ستیف بانۆن و جاک بۆسویک) بۆ پشتێنەی گوێزانەوەی جەماوەری و کێشکردنی ڕاستڕەوی تەکنۆلۆژی (وەک پیتەر تیل و ئیلۆن ماسک و فیفیک ڕاماسوامی و مارک ئەندریسن و دەیڤید ساکس و هیتر)ی کەرتی تەکنەلۆژیای ئەمریکا بۆ لای خۆی. ڕاستڕەوی تاودەر، خەریكی بازاڕگەرمییە بۆ دراوە پەرلەکراوەکان (دیجیتاڵەكان) و سەفەری بەرەو مەریخ و تەنانەت گۆڕینی گرینلاند بۆ تاقیگەیەکی زەبەلاحی تاقیکردنەوە زۆر بوێر و ڕیشەیییەکان.
لە کاتێکدا کە ڕاستڕەوی تەکنۆلۆژی کەمینەیەکە لەناو دەریا جەماوەرییەکەی ترەمپدا، بەڵام نوێنەرایەتیی ئەوە دەکات کە بە شێوەیەکی کاتی ناومان لێ نا دەوڵەتی قووڵتر. ئەمە لە جەوهەردا ئایدیۆلۆژیایەکە لە پێشینەیی دەدات بە تەکنەلۆژیای خاوێن و خێراکردنی گوێزانەوەی جیهانییانەی مرۆڤایەتی بۆ ئاستێکی نوێ – بۆ زیرەکیی دەستکردی گشتی و بەهێز و تاقانە. لەم دوایییانە ئیلۆن ماسک لە تۆماری خۆی لەسەر X نووسیی: “ئێمە لە ئاسۆی ڕووداوە تاقانەکەداین.” لەمپەری بەردەم ئەم وەرچەرخانە، ئایدیۆلۆژیای لیبرالیزم (لە دیدی تەکنۆکراتەکاندا، گەوج)ە، کە سەرکەوتوون لە ڕماندنیدا لەناو ویلایەتە یەکگرتووەکاندا لە پاڵ ئەو دەوڵەتە قووڵەدا کە تێیدا چەسپیوە.
ئەگەر ئەم بنیاتە دروست بێت، ئەوە زۆر شت ڕوون دەبێتەوە. یەکەم و پێش هەموو شتێک، ئەو دەسەڵاتە دیاریکراوە و ئەو ئامانجە دوورمەودایانە کامانەن کە بواریان بۆ ترەمپ ڕەخساند تا بیباتەوە (ئێمە دەزانین لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ی ویلایەتە یەکگرتووەکان و سیاسەتی نوێی ئەوروپادا، چۆن ڕێگریی لێ کرا). ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە كە، بۆچی تا ڕاددەیەک ئاسان بوو بەرەنگاریی دەوڵەتی قووڵ بشکێنرێت: لە کۆتاییدا، یەکێک لە بەشەکانی (کەرتی تەکنەلۆژیای زۆر باڵا و بارستە تاکانەکانی ناو کەرتی ئاسایش و کۆمەڵگەی هەواڵگری) لە ڕووی ئایدیۆلۆژیییەوە بە ڕۆحی “ڕۆشنگەریی تاریک”ەوە چاک کراوەتەوە. لە کۆتاییدا، بۆچی ترەمپ بەم مکوڕییەوە ڕەفتار دەکات؟ مەسەلەکە بەس پەیوەندیی بە میزاجییەوە نییە، بەڵکوو بە پلانێکی جیهانییەوە بۆ تاودانی کات. ئەمەیش چیتر جەماوەرگەرا نییە. ئەمە فەلسەفە و ستراتیژ و تەنانەت میتافیزیکیشە.
سەرچاوە:
الدولة العمیقة الاعمق و “التنویر المظلم”، وەرگێڕانی بۆ عەرەبی: محەمەد شێخ عوسمان. ماڵپەڕی “المرصد”، لینکی
https://marsaddaily.com