د.جەعفەر عومەر - پزیشکی پسپۆڕی دەروونی
لەم پۆستەدا باسی دە ڕێنمایی سەرەکی دەکەین بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دەروونییان هەیە و لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بەڕۆژوودەبن:
1. بڕیارردان بۆ بەڕؤژووبوون کاری کەسانی پسپۆڕە؛ بۆ بڕیاردان لەسەر بەڕۆژوو نەبوون، دەبێت پشت بە ڕای پزیشکێکی پسپۆڕی متمانەدار ببەسترێت. هەرچەندە پزیشکی کردەیەکی تەواو ڕەوشتییە و پزیشکان خیانەت لە پیشەکەیان ناکەن و ڕێنمایی هەڵە نادەن ئەگەر هەر دین و باوەڕێکیان هەبێت، بەڵام سەرچاوە ئاینییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە جگە لەوەی پزیشکەکە دەبێت پسپۆڕبێت لە بواررەکەدا، باشترە کە موسوڵمان و پابەندبێت بە ئاینەوە.
2. بڕیارێکی هاوبەشە؛ بڕیاری بەڕۆژووبوون یان نەبوون بە هاوبەشی نەخۆش و پزیشکی پسپۆڕی دەروونی نەخۆشەکە دەدرێت. چەندین هۆکار بەشداری دەکەن لەو بڕیارەدا، وەکو جۆری نەخۆشی، ئاستی ئێستای، جۆری چارەسەر و دەرمان، ڕێژە و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی، سود و زیانەکانی ڕۆژوو بۆ نەخۆشییەکەی،... لەبەرئەوە ئەو دوو لایەنە ئاشنان بە دۆخەکە.
3. ئاولە دەموەردان ڕۆژووناشکێنێت؛ هەندێك لە دەرمانەكان دەبنە هۆی دەموشکبوون، زۆر ئاسایییە نەخۆشەکە ئاو لە دەمی وەربدات و پاشان فڕێیبدات.
4. ڕاوێژکردن لە کاتی پێویستدا؛ هەرکات هەستتکرد کە خەریکە نەخۆشییەکەت سەرهەڵدەداتەوە، وەکو بێخەوی یان تێکچوونی خواردن، توڕەیی زۆر، ... پیویستە نەخۆش ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشکەکەی بکاتەوە. یاخود کاتێک کە هەستی بە باشی کرد لە ڕەمەزاندا بەبێ راوێژی پزیشک دەرمان نەوەستێنێت، بەڵکو بەردەوام بێت هەتا ڕاوێژ بە پزیشکەکەی دەکاتەوە.
5. خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی زۆر؛ باشترە نەخۆشەکان گرنگی بدەن بەو خواردنانەی کە ناهێلن وشکببونەوە، لەبەرئەوەی هەم دەرمانەکان وهەم وەرزەکەش هۆکارن بۆ وشکبوونەو ە، بۆنمونە دەموشکبوون.
6. ژیانێکی ڕۆژانەی تەندروست؛ گرنگیدان بە شێوازی ژیانێکی تەندروستی لەڕووی جۆری خۆراک، خەوتن، وەرزش، ... زۆر گرنگە بۆ نەخۆشانی دەروونی. بەتایبەت خەوتنی بڕی پێویست و لەکاتی پێویستدا، بوونی جوڵە و دوورکەوتنەوە لە سستی، خواردنە تەندروستەکان، ئەمانە هەمووو یارمەتیدەرن بۆ دەرووندروستی و بەپێچەوانەشەوە ئەگەری خراپتربوونی دۆخی دەروونی نەخۆشەکە زیاتر دەبێت.
7. گرنگیدان بە لایەنی ڕووحی؛ نەخۆشانی دەروونی وەکو کەسانی تری ئاسایی دەتوانن بەشداری سەرجەم پەرستش و سروتە ئاینییەکان ببن، لەبەرئەوە بەشداریکردن لە پەرستشەکان وەکو نوێژی بەکۆمەڵ، تەراویح، قورئانخوێندن، ... بە مەبەستی تێکەڵی و هەستکردن بە ئاسودەیی زیاتر یەکێکێکە لە ڕیگەکان بۆ پاراستنی دەرووندروستییان.
8. گرنگیدان بە پەیوەندییە خێزانییەکان؛ بۆنمونە بەیەکەوە نانخواردن، گفتوگۆکردن لە شەوانی ڕەمەزان، بەیەکەوە نوێژکردن، قورئانخوێندن بە کۆمەڵ، کتێبخوێندنەوەی گشتی، ... ئەم ڕێگایانە هەم ئاسودەیی خێزانی زیاتر دەکات هەم زۆر سودبەخشە بۆ دەرووندروستی تاک.
9. ئاشکرای مەکە؛ ئەو کەسانەی کە بەهۆی نەخۆشی دەروونییەوە ناتوانن بەڕۆژووببن یان ڕۆژووەکەیان دەشکێنن، باشترە کەس نەزانێت، چونکە لەوانەیە ئامۆژگاری هەڵەت بکەن! بۆنمونە کاتێک دەزانن بەرۆژوونیت، لەانەیە کەسێکی ناشارەزا پێتبڵێت: "بەڕۆژووبە لەوانەیە خوای گەورە بەهۆیەوە شیفات بدات"، ئەمە یەکێکە لە هەڵە دووبارەکان! خوای گەورە بەزەیی بە هەمواندا دێتەوە و بۆ هەمووان وەکو یەکە.
10. ئەو کەسانەی کە ئالودەی ماددە هۆشبەرەکان بوون؛ بۆنمونە ئەوکەسانی هۆگری مەیخواردنەوەن، باشترە کە لەسەرخۆ دەرمانەکان لەژێر چاودێری پزیشکی دەروونیدا کەمبکەنەوە، نەوەکو بەهۆی لەناکاو وازهێنان توشی نیشانەکانی لێگیرانەوە ببن و زیان بە تەندروستی و دەرووندروستیان بگات.