دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

وەختێک کوکوختی دەڵێت (کوو کوو)

عاریفێکی گەورە لە گوندێکی دوور دەژیا ، عادەتی گرتبوو ، هەموو بەیانییەک لەگەڵ خوێندکارەکانی دەکەوتە گفتوگۆ ، ڕۆژێک چووە سەر سەکۆی هەیوان و خوێندکارەکانی لە چواردەوری دانیشتن ، لەناکاو باڵندەیەکی بجووک ، بەهێواشی لەسەر لێواری پەنجەرەیەک نیشتەوە ، بەهەموو هێزی خۆی دەستی کرد بە خوێندن ، خوێندنێک تاوێک دڵی پڕ ئەکرد لە شین و زاری و تاوێکیش دڵی پڕ ئەکرد لە شادی و حەمتەر ، دوای ماوەیەک ، باڵندەکە ئاوازەکەی تەواو کرد و هەڵفڕی.

عاریف ڕووی کردە قوتابییەکانی و گوتی:- ( شتەکانتان بپێچنەوە و بڕۆن ئامۆژگاری ئەمڕۆمان کۆتایی پێهات)

لە پێشەکی هەموو کتێبێکدا پێش ئەوەی بگەیتە قوڵایی ناوەوە ، سەردێڕەکانی بەکورتی دەنوسرێتەوە ، کۆگایەک سەدان باری تێدا هەڵدەگیرێت ، تەنها چەند دانەیەکی بچووکیان نیشانی مشتەری و کڕیار دەدرێت ، ئەگەر قاجەکانمان بەکار نەهێنین ڕۆشتنمان بیر دەجیتەوە ، شتە بچووکەکان دەتبەنە سەر بابەتە گەورە و قوڵەکان ، هیچ وانەیەک ، هیچ مەشقێک بۆ دل و زەینی مرۆڤ لەوە باشتر نییە ، کە بچەمێتەوە بۆ شتە وورد و نەبینراوەکان.

مرۆڤ پێش ئەوەی بە شاکارە گەورەکانی دونیا ئاشنابێت ، پێش ئەوەی تابلۆکانی (داڤنسی و بۆتێچڵی و ڤانکوخ ) سەرنج بدات ، پێش ئەوەی گوێ بداتە (باخ و بیتهۆڤن و چایکۆفسکی و مۆزارت) پێش ئەوەی (ڤۆڵتێر و سپینۆزا و تۆڵستۆی و هۆمیرۆس) بخوێنێتەوە ، ئەشێ باڵندەیەکی بچووک دەرسێکی گەورەی دابدات ، برسێتی سەگێک ، گریانی هەژارێک ، دڵخۆشی گوڵفرۆشێک لە شەقامێکدا.

ئەگەر ئەم شتە بجووکانە دەفتەری وانەکانی ڕۆژانەمان پێ دانەخات ،زەینمان نەکاتەوە ، هەستیاریمان بەرامبەر ئەوانی تر نەخاتە سەما ، خولخولە و سەرەلەرزە و ماخۆلان بە سەرمان نەکات ، هیچ شاکارێک ناتوانێت دەفتەری گوێ و ڕوانینمان بکاتەوە.

لاکان و فرۆید کۆکن لەسەر ئەوەی کە هەموو (ئارەزوو)یەک ، شکاندنی تیونێتییەکە کە پێی دەوترێت (نوقسانی) کەموکورتییە دەروونیەکانی مرۆڤ ،

کورد ئەڵێت:-

(زوڕناژەن کە برسی ئەبێت بیری کفتەی شایی ئەکات) ، نوقسانییەک ، برسێتییەک ، ئازارێک کە لە دڵماندا دروست ئەبێت ،هەموومان وەک زورنا ژەنێک ئەباتەوە سەر ئاوازی باڵندەیەک کە وانەمان دابدات ، گڤەی بایەک ، ڕۆشتنی گەواڵە هەورێک ، قروسکەی سەگێک لە برسێتیدا ، چاوی بێگوناهی منداڵێک لە بێ باوکی و دایکیدا ، ئەگەر ئەمانە فێری وانەیان نەکردین و هەر جەسوور و چاونەترس بووین ئەو کاتە

(خیام) گوتەنی:-

ئەم کۆشکەی لووتی لە ئاسمان بوو،
شاهان ئەیاننا بۆ بەردەرگای ڕوو،
دیمان کۆترێک لێوی دیواری
گرتبوو کزکز ئەیوت: کوو کوو.. کوو کوو

ئەگەر کۆشک وتەلار و پشتی مێز و سوکانی ئوتومبێل و قاتوبۆینباخ و بڕوانامە و پاسەوان و لەقەبی بنەماڵە و ماسولکە و گەنجێتیت نەیانهێشت هیچ شتێکی بچووک فێری وانەت بکەن ، ئەوکاتە هیچ گومانی تێدانییە (مردن) و (پیری) و (خانەنشینی) و بیرچوونەوە وەک ڕوداوێکی حەتمی چاوەڕوانکراو ، لەسەر کۆشک و تەلار و ماشێن و بروانامە و نازناو غروور و لوتبەرزیەکەت ، ئەنیشن و زوو زوو وەک سوکایەتی و ئازار پێت دەڵێن (کوو کوو) (کوو کوو) ئەرێ لیستەکەیان رانەگەیاند ؟ کوو کوو ئەرێ منالەکان جێیان هێشتی و بەتەنها مایتەوە ؟ سەدان ئەسکەندەر و دارا و قوماندار و فەرماندە و سەرتیپ و سەر لەشکر ، کۆتر لەسەر تاج و نەجمەکانیان لەسەر کەلاوە و کۆشکەکانیان نیشتەوە و پێ گووتن (کوو کوو) ئەرێ کوای ؟

نوقتە سەری دێڕ .....
................................



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP