د. جەعفەر عومەر پزیشکی دەروونی
سەرچاوەی سەرەکی دڵەراوکێیکانی تاک بریتییە لە دڵەڕاوکێ بۆ داهاتوو و ئەوەی کە ڕودەدات، پاشان هۆکارێکی ئارامی دەروونی مرۆڤ بریتییە لە بوونی ئامانجێک کە هەوڵی بۆ بدات، مەرجی ئامانجیش ئەوەیە کە روونبێت و خۆشیهێنەربێت و ڕێگەکانی گەیشتن پێی ئاسان بێت.
خوای گەورە دەروونی هەمومان ئاسودە بکات و بمانخاتە بەهەشتەوە! ئامانجی مرۆڤی موسوڵمان گەیشتنە بە رەزمەندی خوای گەورە و پاشان بەدەستهێنانی بەهەشت، ڕێگاکانی گەیشتن بەو ئامانجەش بە وردی و ڕونی دیایکراون و باسکراون، بەشێوەیەک لەگەل کەسییەتی مرۆڤدا گونجاوە.
پاشان دیمەنەکانی بەهەشت لە قورئاندا هێندە دڵڕفێن و جوان و ناوازە نمایشکراون کە مرۆڤ ئارەزوودەکات بیگاتێ و بەدەستی بهێنێت، وێنایەکە کە هەموو مرۆڤێک ئاواتەخوازە بۆ گەیشتن پێی. کاتێک کە مرۆڤی موسوڵمان ئەم دیمەنانە دێنێتە هزرییەوە ئیتر هەست بە ئاسودەیی و ئارامی دەکات و خەم و ناخۆشییەکانی لەبیردەچێتەوە.
خوای گەورە لە سورەتی ئینساندا ئەم دیمەنەمان پیشاندەدات:
"وَجَزَاهُم بِمَا صَبَرُوا جَنَّةً وَحَرِيرًا (12) مُّتَّكِئِينَ فِيهَا عَلَى الْأَرَائِكِ لَا يَرَوْنَ فِيهَا شَمْسًا وَلَا زَمْهَرِيرًا (13) وَدَانِيَةً عَلَيْهِمْ ظِلَالُهَا وَذُلِّلَتْ قُطُوفُهَا تَذْلِيلًا (14) وَيُطَافُ عَلَيْهِم بِآنِيَةٍ مِّن فِضَّةٍ وَأَكْوَابٍ كَانَتْ قَوَارِيرَا (15) قَوَارِيرَ مِن فِضَّةٍ قَدَّرُوهَا تَقْدِيرًا (16) وَيُسْقَوْنَ فِيهَا كَأْسًا كَانَ مِزَاجُهَا زَنجَبِيلًا (17) عَيْنًا فِيهَا تُسَمَّىٰ سَلْسَبِيلًا (18) وَيَطُوفُ عَلَيْهِمْ وِلْدَانٌ مُّخَلَّدُونَ إِذَا رَأَيْتَهُمْ حَسِبْتَهُمْ لُؤْلُؤًا مَّنثُورًا (19) وَإِذَا رَأَيْتَ ثَمَّ رَأَيْتَ نَعِيمًا وَمُلْكًا كَبِيرًا (20) عَالِيَهُمْ ثِيَابُ سُندُسٍ خُضْرٌ وَإِسْتَبْرَقٌ وَحُلُّوا أَسَاوِرَ مِن فِضَّةٍ وَسَقَاهُمْ رَبُّهُمْ شَرَابًا طَهُورًا (21): له پاداشتی خۆگری و ئارامگریاندا بەهەشت و ئاوریشمی پێبەخشین (١٢) ئەو بەختەوەرانه لەسەر کورسی و قەنەفه ڕازاوەکان شانیان داداوه، نه گەرمای خۆر بێزاریان دەکات، نه کزه باو سەرما سەغڵەتیان دەکات (١٣)سێبەری درەخته جوانەکان بەسەر شوێنه خۆشەکانیاندا سەری فرو هێناوەو لێکردنەوەی میوەکانیش ئاسانەو ملکەچ کراوه (١٤) هەروەها له سوراحی و دۆلکەی زیودا شەرابیان بۆ دەگێڕن که دەکرێته ئەو کوپ و پەرداخانەوه که له شووشەو کریستاڵی تایبەت دروستکراون (١٥) هەموو دام و دەزگای خواردن و خواردنەوەکان له شووشەی زیوی دروستکراون بەشێوەیەکی جوان و دڵڕفێن (١٦) هەروەها شەرابێکی تریان پێشکەش دەکرێت که ئاوێتەکەی زەنجەبیله
(١٧) که سەرچاوەیەکه له بەهەشتدا به سەلسەبیل ناو دەبرێت (١٨) ئینجا نەوجەوانانی هەمیشه لاوو ڕووخۆش و جوان و پاك، بەناویاندا دەگەڕێن (قسەی خۆش و سروودی بەتام دەڵێن) کاتێك دەیانبینیت وا دەزانیت مروارین و بەو ناوەدا بڵاو بوونەتەوه (١٩) کاتێکیش بەهەر لایەکدا چاودەگێڕیت، ئەوه نازو نیعمەتی نەبڕاوەو بێ ئەندازو دەسەڵاتێکی گەوره دەبینیت له باخ و باخات و کۆشك و تەلارو دیمەنی جوان و فراوانی بێ سنوور (٢٠) پۆشاکی بەختەوەران ئاوریشمی سەوزی تەنکه که بەسەر پۆشاکی ئاوریشمی ئەستووردا لەبەریان کردووه، به بازنی زیوی ڕازێنراونەتەوه، ئینجا لەلایەن پەروەردگاریانەوه شەرابی پاك و بێگەرد و خاوێنیان پێشکەش کراوه (٢١)"
ڕوانین بۆ بەهەشت و وێناکردنی لە هزردا، ئەم دوونیاشمان دەکاتە بەهەشتێک و هەمیشە بە خۆشی و ئارامی ژیان دەکەین!