دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی پەروەردە: لەمەوبەدوا نمرەی قوتابیانی پۆلی نۆ و 12 لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەوە ڕادەگەیەندرێت

هەرێم نیوز
وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، نمرەی قوتابیان بە تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی ٩ ی بنەڕەتی و ١٢ ی ئامادەیشەوە لە ئەپڵیکەیشنی ( ئی- هەڵسەنگاندن) ڕادەگەیەندرێت. 

 وەزارەتی پەوروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، مامۆستایان و قوتابیانی  قوتابخانەکانی دەرەوەی وڵات ، دەتوانن سوودمەند بن لە هەموو خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵیکەیشنی ( ئی - هەڵسەنگاندن ) پاش خۆتۆمارکردنیان لەڕێگەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا نوێترین ڤێرژنی ئەپڵیکەیشنی ( ئی - هەڵسەنگاندن) بەردەستە ، کە چەندین بابەتی نوێی تێدا دانراوە ،  جیا لەوەی بابەتەکانی دیکە وەک خۆیان ماون کە ( نمرەی قوتابی ) و ( هەڵسەنگاندنی قوتابی) و ( ئەرکی ماڵەوە) و ( خشتەی وانەکانی هەفتە) و ( کاتی تاقیکردنەوەکان ) و ( وریاکەرەوەکان) ئەم بابەتانەش زیادکراون لە ڤێرژنی نوێدا: 

ئاشکراشیکرد، ڕاهێنانی ئەلیکترۆنی بۆ مامۆستایان زیادکراوە و دانراوە ، کە چەندین کۆرسی ڕاهێنان بۆ مامۆستایان ئامادەکراوە لە چەندین بواری پەروەردەی و پێداگۆجی  بە ڤیدیۆ و نووسین و فایل و کاری گروپکاری. بە پێشکەوتووترین شێوە مامۆستایان دەتوانن سوود لە بابەتەکان وەربگرن . 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەدواداچوونی نوسراوەکان زیادکراوە ، مامۆستایان و فەرمانبەرانی (وەزارەتی پەروەردە)، دەتوانن لە رێگەی نووسینی ژمارەی نوسراوەکەیان و ژمارەی مۆبایلەکەیان گەڕان بکەن بۆ مامەڵەی نوسراوەکانیان لەوەزارەت ، هەر جوڵەیەک و پەراوێزێک و واژۆکردنێک لە مامەڵەکانیان ڕووبدات دەتوانن لەماڵی خۆیانەوە ئاگاداری بن.
دووپاتیکردەوە، بەنموونە نوسراوێک کاتێک لای وەزیرەوە پەراوێزدەکرێت بۆ بەڕێوەبەرێکی گشتیی ناو وەزارەت لەوێشەوە بۆ بەرێوەبەرێک یان بەرپرسی هۆبەیەک تا گەڕاندنەوە و واژۆکردنی لەلایەن وەزیر یان بەڕێوەبەری گشتییەوە دەتوانن ئاگاداری بن بە دیجیتاڵی ، ئیدی پێویست ناکات لە زاخۆ یان گەرمیانەوە بێیت بۆ دیوانی وەزارەت و بەدواداچوون بکەیت بۆ مامەڵەکەت. 

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ مامۆستایان و قوتابیان ، کتێبخانەی ئەلیکترۆنی زیادکراوە و دانراوە کە بە پێشکەوتووترین شێواز دیزاین کراوە ، کە هەر لاپەڕە یان کتێبێک بخوێنیتەوە لای وەزارەت دیار دەبێت کە بەچەند کاتژمێر و خولەک خوێندراوەتەوە ، جیا لەوەی مامۆستا دەتوانێت قوتابیەکان هانبدات بۆ خوێندنەوە . کتێبەکانی ناو کتێبخانەی ئەلیکترۆنی پەروەردەین بە زمانەکانی( کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی) بەردەستن بۆ مامۆستایان و قوتابیان. 

دەشڵێت، بۆ مامۆستایان و قوتابیان (ڕێنمایی خێزان)  زیادکراوە و دانراوە ، دایک و باوک دەتوانن سوودمەند بن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵکەیان دەکەن ، فێرکارییە بەراییەکانی ئاکار و ڕەوشت ؛ بەها ڕەفتارییەکان ؛ چۆنیەتی هاوکاری منداڵان لە نووسین و خوێندنەوە ؛ چۆنیەتی گەشەپێدانی زمانی منداڵ ؛ خێزان چی بکات بۆ پشووی هاوینەی منداڵەکانیان ؛ هۆشیاری تەکنەلۆژیا ؛ کەمسەرنجی و فرەجوڵە ADHD ، بیرکۆڵی دێسلێکسیا ؛ مامەڵەی منداڵی ئۆتیزم ؛ سترێس لەکاتی تاقیکردنەوەکان، مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکار ، چەندین بابەت لەسەر خۆراک و تەندروستی کە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ئامادەکراوە، کارامەییەکانی ژیان لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەو بڕیاردان و چارەی ناکۆکی .

وەزارەتی پەروەردە ئاشکراشیکرد، بۆمامۆستایان و بەخێوکاری قوتابیان ، ڕیزبەندی قوتابخانەکان زیادکراوە و دانراوە ؛ وەزارەتی پەروەردە ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ناوەندەکانی خوێندن دەکات  کە بەسەر چوار ئاستدا پۆلێنیان دەکات و ئاستی چوارەم بەرزترین ئاستە کە قوتابخانە بە دەستیدەهێنێت ، ئەنجامەکانی  بە نمرە و ئاستەوە لێرە دانراون ، مافی هەموو دایک و باوکێکیە بزانێت کە ئاستی قوتابخانەی منداڵەکەی چۆنە وە هانی دەدات کە هاوکاربێت لەبەرەو پێشبردنی ئاستی قوتابخانەی منداڵەکانی. 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشی ڕاپرسی زیادکراوە ، وەزارەت بۆ ئەوەی بیەوێت ڕاپرسی مامۆستایان یان بەخێوکارانی قوتابیان وەربگرێت لەسەر بابەتێکی پەروەردەیی و فێرکاری لەم ئەپڵیکەیشنەوە دەرئەنجامی باشتر و دروستتری دەستدەکەوێت وەک لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا. ڕوونیشیکردەوە، بەشی پەیامی وەزارەت لە ئەکاونتی وەزارەتی پەروەردە زیادکراوە ، کاتێک وەزارەت بیەوێت ڕاگەیەندراوێک یان پەیامێک بداتە  کارگێری ناوەندەکانی خوێندن یان مامۆستا یان بە خێوکاری قوتابی یان  ئەدمینانی  سیستمی ئەلیکترۆنی وەزارەت کە ژمارەیان  زیاتر لە ١١٠٠٠ یازدە هەزار ( بەکارهينەرە) ئەدمینە ، دەتوانێت لەو ئەپڵیکەیشنەوە بەکەمترین ماوە پەیامەکەی بگەیەنێت و دەچێتە بەشی وریاکەرەوەکان ( نۆتیفیکەیشن) . جیا لەوەی دەتوانێ کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان و هەروەها پشووەکان لەناو ئەو ئەپڵیکەیشنەوە ڕابگەیەنێت .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP