دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

سەعدی پیرە: لیژنەی دانوستانکاری هەردوولا لەسەر کۆبوونەوەکەی مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە

هەرێم نیوز 

ئەندامی وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی و دوایین کۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی زۆر باش و ئەرێنی بوون، دەشڵێت،  بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەو دوو بەڕێزە، لیژنەی دانوستانکاری ھەردوولا کۆببنەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان  بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، زۆر گەشبینین بەو دانوستانانەی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکرێن بۆ پێکھێنانی کابینەی ١٠یەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی لیژنەی دانوستانکاری نێوان پارتی و یەکێتی و کۆبوونەوەی کۆتایی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسروور بارزانی، کە کۆبوونەوەی زۆر گرنگ و باش بوون و ئەنجامی باشیان ھەبووە. 

دەشڵێت، ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەم دوو بەڕێزەش ئاڕاستەی لیژنەی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی کراوە و لە چەند رۆژی داھاتوودا کۆبوونەوەی شاندەکە لەسەر ئەو ئەنجامانە دەکرێت و لەو کۆبوونەوەیەدا سوود لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ھەردوو بەڕێز وەردەگیرێت، تا بەرنامەی پێکەوەکارکردن و پێکھێنانی کابینەی تازە و دەستبەکاربوونی پەرلەمانی کوردستان دابنرێت.

سەعدی پیرە ئەوەشی وتووە، تاوەکو ئێستا پۆستەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابەش نەکراون، بەڵام لە ناوەڕاستی وردەکارییەکانداین و خەریکە بەرەو کۆتایی دەڕۆین، بۆیە دڵنیام یەکێتی و پارتیش بە ھەمان شێوە دوای ئەو گۆڕانکاریانەی ئەم دواییەی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەش، دێنە پێش ھەردوولا ھەوڵی ئەوە دەدەن سەقفی داواکارییەکان لەگەڵ یەکتری بگونجێندرێت، بە شێوەیەک لە خزمەت ھاووڵاتیان و پاراستنی ئەمنیەت و باشترکردنی گوزەران و خزمەتگوزاری بۆ خەڵکدا بێت، بۆیە دوایین کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و مەسروور بارزانی، گەشبینییەکی زۆری دروست کردووە و کۆبوونەوەکانیشیان ئەرێنین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP