هەرێم نیوز
پەرلەمانتارێکی جەهەپە رایگەیاند، سەڵاحەدین دەمیرتاش پێیڕاگەیاندووە ئاشتیی گرنگترین رۆژەڤی تورکیایە و پێویستە هەموو لایەک بە بەرپرسیارێتییەوە رۆڵی خۆیان بگێڕن، داواشی کردووە، پە*کەکە بە زووترین کات کۆنگرەی خۆی ببەستێت.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەزگین تانریقوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی لە گرتوخانەى ئەدرنە کرد و لە گرتەیەکی ڤیدۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لە چاوپێکەوتنەکەمدا لەگەڵ بەڕێز دەمیرتاش هیوای خواستووە ئاشتەوایی سەربکەوێت و هەموو لایەکیش پشتیوانی لە پڕۆسەکە بکەن.
لە درێژەى وتەکانیدا ئەو پەڕلەمانتارە وتیشی: دەمیرتاش رایگەیاندووە بەستنى کۆنگرە بۆ چەکدانان رێگە بۆ ئاشتی و دیموکراسی تورکیا دەکاتەوە و پێویستە لەم پڕۆسەیەشدا تەواوی گەلانی تورکیا پشتیوان بن و دەشبێت تەواوی پارتە سیاسییەکان لە پەڕلەمانی تورکیا پشتیوانی لە پڕۆسەکە بکەن.
لەو دیدارەدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت پە*کەکە بە زووترین کات بڕیاری بەستنى کۆنگرە بدات. لەم پڕۆسەیەدا دەشبێت سەرۆککۆمار، حکومەت، پەرلەمان و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هەنگاوی کرداری بنێن.