هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی سووریا لیژنەیەکی پێنج کەسی بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (ههسهده) بەسەرۆكایەتی مەزڵوم عەبدی پێکهێناوە و بەم زووانە كۆدەبنەوە.
بەگوێرەی كهناڵی (ئەلجهزیره) بڵاویكردەوە، لیژنەکەی سەرۆكایەتی سووریا بە سەرۆکایەتی (حسێن سەلام) پارێزگاری پێشووی دێرەزوور دەبێت و بەم زووانە کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتیی سووریاوه پێكهێنراوه لهگهڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، بهڕێوه دهچێت”.
ئاشكراشی كردووە، کۆبوونەوەی نێوان لیژنەکە و مەزڵوم عەبدی، ڕۆژی چوار شەممەی داهاتوو دهبێت لە پارێزگای حەسەکە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، “لیژنەکە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دەکات، کە لەلایەن ئهحمهد شهرع، سەرۆكی ڕاگوزهری سووریا و مەزڵوم عەبدی واژۆ کراوە و بەدواداچوون بۆ وردەکارییەکانی دەکات”.
ئهوهش زانراوه، كه دواتر لیژنەی تایبەتمەند پێکدەهێنرێت بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە ئابووری و سیاسی و سەربازییانەی، کە لە ڕێککەوتنەکەدا باس کراون.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی 10ی 3ی 2025 هەریەك لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ڕاگوزەریی سووریا، لەسەر تێكەڵكردنی هەسەدە بە سوپای سووریا ڕێككەوتن.
سەرۆكایەتیی سووریا بڵاویكردووەتەوە، هەردوولا لەسەر یەكخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێك كەوتوون، كە دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگە نەوتی و غازییەكانیش دەگرێتەوە.
ڕێككەوتنەكە لە چەند خاڵێك پێكهاتووە، كە ئەمانە گرنتگرینیانن:
خاڵی یەكەم/ جەخت لە گرەنتیی مافی هەموو سوورییەكان و بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا كراوەتەوە، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئاین و نەژاد.
خاڵی دووەم/ كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە سووریا و دەوڵەتی سووریا گرەنتیی مافەكانی لە هاووڵاتیبوون و مافە دەستوورییەكانی دەكات.
خاڵی سێیەم/ بریتیە لە ڕاگرتنی شەڕ لە تەواوی خاكی سووریادا.
خاڵی چوارەم/ بریتییە لە تێكەڵكردنەوەی تەواوی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دەروازەی سنووری و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوتەوە.
خاڵی پێنجەم/ بریتییە لە گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكان بۆ ناوچە و شوێنی خۆیان و گرەنتیی ژیانیان لە سووریا.
خاڵی شەشەم/ بریتییە لە هاوكاریكردنی دەوڵەتی سووریا بۆ بەرەنگاریی پاشماوەكانی ئەسەد و هەموو هەڕەشەكان لەسەر ئاسایش و یەكێتیی سووریا.
خاڵی حەوتەم/ رەتكردنەوەی هەر دابەشكردن و گوتارێكی ڕقوكینە و بڵاوكردنەوەی ئاژاوەیە لە ناو پێكهاتەكان.
خاڵی هەشتەم/ لیژنەكانی جێبەجێكردن نەگاتە كۆتایی ئەمساڵ، ئەم ڕێككەوتنە جێبەجێ دەكەن.