هەرێم نیوز
شاندی دەم پارتی دەربارەی دوا بانگەوازی ئۆجەلان بۆ پرۆسەی ئاشتی، لەگەڵ مەهەپە و ئاکپارتی کۆدەبێتەوە.
دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، شاندێکی دەم پارتی لەگەڵ مەهەپە کۆبووەوە و کەمێکی دیکەش لەگەڵ ئاکپارتی کۆ دەبێتەوە.
گەڕی دووەمی سەردانەکانی دەم پارتی بۆ لای پارت و لایەنە سیاسییەکان دەستی پێ کردووە و ئەمڕۆ توڵای هاتیمئۆغڵولاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، سەردانی فراکسیۆنی بزووتنەوەی نەتەوەیی "مەهەپە"یان کرد و دواتریش لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکپارتی" کۆ دەبنەوە.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا قۆناغی دوا بانگەوازەکەی ئۆجەلان و پرۆسەی نوێی ئاشتی تاوتوێ بکەن.
پێشتر شاندی ئیمڕاڵی ڕایانگەیاندبوو، رۆژی 17ـی ئەم مانگە لەگەڵ فراکسیۆنی مەهەپە و ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی قۆناغی دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان و پرۆسەی نوێی ئاشتی.