هەرێم نیوز
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە سنووری سەرگەڕانی کەرکووک لەسەر سکاڵای سەربازێکی سوپای عێراق دەچێتە بەردەم دادوەر.
محەمەد ئەمین، جوتیارە کوردەکەى سەرگەڕان رایگەیاند، لەسەر داوا و سکاڵای ئەو سەربازەی لە 17ى شوبات پەلاماریداوە، دادوەرى دادگاى دوبز داواى ئامادەبوونى کردووە و ئەمڕۆ لە دادگا ئامادەدەبێت.
لە رووداوەکەدا کە دیمەنەکەى دەنگدانەوەى دروستکرد، ژمارەیەک سەربازى سوپاى عێراق رووبەڕووى جوتیارانى کورد دەبنەوە، محەمەد ئەمین کە لەسەر تراکتۆرێک بوو لەلایەن سەربازێکەوە بە ملپێچەکەی خۆی راکێشرا.
پێشتر ئەو جوتیارە رایگەیاند، لە 25ى شوبات کاتێک چووە سکاڵا لەسەر سەربازەکە تۆماربکات، لە دادگا پێیان راگەیاندووە کە پێشتر سەربازەکە سکاڵاى لەسەر ئەو تۆمارکردووە.
ئەمرۆ دووشەممە 17ی3ی2025، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە کەرکووک، لەسەر سکاڵاکە چووەتە دادگەی دوبز، تاوەکو ئیفادەی خۆی بدات.
سکاڵاکەی سەر محەممەد ئەمین، بەپێی مادەی 229یە لە یاسایی سزادانی عێراقی، ماددەکە باس لە هێرشکردنە سەر کارمەندانی دەوڵەت دەکات لە کاتی ئەرکدا.