هەرێم نیوز
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ لە ئۆکراین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سبەی قسە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا دەکات.
ترەمپ لەنێو فڕۆکەکەیدا بە رۆژنامەنووسانی گوت، “زۆرێک لە کارەکان تەواوبوون و سبەی قسە لەگەڵ سەرۆک پوتن دەکەم، زۆر بابەت گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە لەگەڵ روسیا و ئۆکراینیش، لەنێویاندا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی و وێستگە کارەباییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتەکە.”
ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەمانەوێت بزانین چۆن دەتوانین کۆتایی بەم شەڕە بهێنین، ڕەنگە بتوانین، ڕەنگە نەتوانین، بەڵام پێموایە چانسێکی زۆر باشمان هەیە".
ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە لەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ بووەتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لە فشارخستنەسەر روسیا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ئۆکراین کە سێ ساڵە بەردەوامی هەیە.
پەیوەندییەکە دوای ئەوەش دێت ئەم هەفتەیە ئۆکراین رەزامەندی دەربڕی بەرامبەر بە پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەستیی کاتیی 30 رۆژەی جەنگ بەو مەرجەی روسیاش بە ئاگربەستەکەوە پابەندبێت.
ترەمپ هەوڵدەدات پاڵپشتی پوتین بۆ پێشنیازی ئاگربەستی 30 ڕۆژە بەدەستبهێنێت کە ئۆکرانیا هەفتەی ڕابردوو قبوڵیان کرد، تەنانەت لە کاتێکدا هەردوولا لە کۆتایی هەفتەدا بەردەوام بوون لە هێرشە ئاسمانییە توندەکان و ڕووسیا لە دەرکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا لەو ناوچەیەی چەند مانگێکە لە کورسکی ڕۆژئاوای ڕووسیا نزیک بووەوە.
پێشتر بەرپرسێکی ڕوسی بۆ ئاژانسی تاس ئاشکرای کردبو، وڵاتەکەی داوای گەرەنتی ئەمنی دەکات بۆ ئەنجامدانی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا، لەنێویاندا بێلایەنی کیێڤ و ڕەتکردنەوەی ناتۆ بۆ بەشداریکردن لەو پەیماننامەیەدا.