هەرێم نیوز
وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، دەبێت پەکەکە و هێزەکانی سەر بەپەکەکە بێ هیچ مەرجێک چەکەکانیان دابنێن.
یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، هیچ رێگایەکی تر قبوڵ ناکەن جگە لەوەی پەکەکە و هێزەکانی سەر بەپەکەکە بێ هیچ مەرجێک چەکەکانیان دابنێن.
مەحمود نەبویان، ئەندامی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئاشکراشیکرد، لە دوای رووداوەکانی سوریاوە زۆر شت گۆڕاون، ئەگەر بزانین سەپاندنی باڵاپۆشی زۆرەملێ سیستەمی ئێران لاواز دەکات، ئەوا جێبەجێکردنی یاساکە پووچەڵ دەبێتەوە.
هاوکات کەناڵی CNN بڵاویکردەوە: بەنزیکەیی نیو ملیۆن کەس لە کوردانی سوریا رەگەزنامەیان نییەو ئەمەش دەبێتە کێشە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا، بەتایبەتی کە لە راگەیەندراوە دەستوورییەکەشدا کورد وەک نەتەوەی سەرەکی نەناسێندراوە.
لەلایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: دەبێ باشووری سوریا بەتەواوی لە چەک دابماڵرێت و دەشڵێت هەموو ئەو ناوچانەی سوپای ئیسرائیل دوای کەوتنی رژێمەکەی ئەسەد دەستی بەسەردا گرتوون، تا کاتێکی نادیار لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا دەمێننەوە.