دواین هەواڵ

جیهان‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران بە توندی وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ یەکشەممە، حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکەی بە توندی و یەکلاکەرەوە وەڵامی هەر هەڕەشەیەك دەداتەوە لێبکرێت.

فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران وتی، دەستپێشخەری شەڕ ناکەین، بەڵام ئەگەر لەلایەن هەر لایەنێکەوە هەڕەشەمان لێبکرێت، وەڵامی ئێمە یەکلاکەرەوە و چارەنوسساز دەبێت.

وتیشی، ئەمریکا وانەی لە مێژوو وەرنەگرتووە کە شەڕ چارەسەر نییە بۆ کێشەکانی.

قسەكانی سەلامی، دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا دێت لە دژی تاران، دوای دەستپێكردنی هێرشەکانی واشنتۆن لە دژی حوسییەکان لە یەمەن.

هاوکات،  عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە (ئێكس) نوسیویەتی، ئەمریکا مافی سەپاندنی چۆنیەتی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی نییە، ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ داوای لە تاران کرد دەستبەجێ واز لە پشتیوانیکردنی حوسییەکان لە یەمەن بهێنێت.

ده‌شڵێت:"سەردەمی سەپاندنی ڕێوشوێنی سیاسەتی بەسەر ئێران لەساڵی 1979 کۆتاییهات، ئەوکاتەی کە شۆڕشی ئیسلامی کۆتایی بەدەسەڵاتی شا هێنا".

وه‌كو وەزیری دەرەوەی ئێران جه‌ختیكرده‌وه‌ "دوای گۆڕینی دەسەڵاتی ئەمریکا، ئێستا ڕەخنە لەسیاسەتی ئیدارەی بایدنیش دەگرین، چونكه‌ ساڵی ڕابردوو ئیدارەی بایدن بەبەهای 23 ملیار دۆلار هاوکاری ڕژێمی ئیسرائیلی کردوە کە نزیکەی 60 هەزار هاوڵاتی فەڵەستینی کوشتوە، ئەمەش ئەمریکا بەتەواوی لێی بەرپرسیارە".

عراقچی ئه‌وه‌شى وت:"پەیامێک بۆ واشنتۆن دەنێرین، ئێوەش پشتگیرییەکانتان بۆ ئیسرائیلی تیرۆرست ڕابگرن، دەست لەکوشتنی خەڵکی یەمەن هەڵگرن".

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنی شەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لەتۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیاڵ) هۆشداریدایە ئێران‌و وتى:"دەبێت دەستبەجێ هاوکارییەکانتان بۆ حوسییەکان بوەستێنن، مەبنە هەڕەشە بۆ هاوڵاتییە ئەمریکییەکان، وریابن ئەگەر وا بکەن ئەوە ئەمریکا بەتەواوی ئێران بەبەرپرسیار دەزانێت‌و لەوبارەیەوە نەرمی نانوێنین".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP