دواین هەواڵ

عێراق‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی عێراق دەكات

هەرێم نیوز 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، محەمەد شەیاع سودانی ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت و هەردولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە تیمێکی دولایەنە وادەیەک بۆ سەردانەکەی ماکرۆن بۆ بەغداد دیاری بكات. دەشڵێت، "جەخت لەسەر گرنگی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ دۆسیەی ئێران کرایەوە".

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمشەو لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەمەد شەیاع سودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماکرۆنەوە پێگەیشت و تێیدا تاوتوێی هەمو دۆسیە و پرسە هاوبەشەکانیان کرد و ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە تیمێکی دولایەنە وادەیەک بۆ سەردانەکەی ماکرۆن بۆ بەغداد دیاری بکات و تاوتوێی ئەگەری ئەنجامدانی سێیەمین کۆنفرانسی بەغداد بۆ هاوکاری و هاوبەشی بکەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەپەیوەندییەکەدا بۆچونەکانی نێوان عێراق و فەڕەنسا یەکگرتو بو، هەروەها پرۆسەی سیاسی نوێ لە سوریا دەبێت ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنی کۆمەڵایەتی بێت، لەگەڵ جەخت کردنەوە لەسەر پێویستی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و کارکردن بۆ بەدیهێنانی پرۆسەیەکی سیاسی فرەلایەن و گشتگیر. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، جەخت لەسەر گرنگی سەقامگیرکردنی لوبنان و بەهێزکردنی هەوڵەکان کرایەوە، بۆ بنیاتنانەوەی غەززە و پاراستنی ئاگربەست و ڕێگریکردن لە هەر گرژییەک کە لە ئەنجامی پابەند نەبون بە ئاگربەستەکان سەرهەڵبدات.

ئەوەشیخستەڕو، سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە، ڕێککەوتن لەسەر هەماهەنگی هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری و دورکەوتنەوە لە گرژی زیاتر، هاوکات جەخت لەسەر گرنگی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ دۆسیەی ئێران کرایەوە، و دورکەوتنەوە لە گرژی و پێویستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی وتوێژەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، سودانی جەختی کردەوە لەسەر پەرۆشی عێراق بۆ بەردەوامی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و پەرەپێدانی هاریکارییەکان لە ئاستە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی لەبوارەکانی ئابوری و کەلتوریدا، ئاماژە بەپڕۆژە گرنگەکانی کۆمپانیا فەرەنسییەکان کرا و ئەگەری فراوانکردنیان لەچوارچێوەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی فڕەنسا بۆ عێراق.

لە لایخۆیەوە سەرۆک ماکرۆن، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامی هاوکاری لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا دوپاتکردەوە و جەختی لەسەر ئامادەیی وڵاتەكی کردەوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ عێراق لە بواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، کە ئالەنگاری و مەترسییەکی جیهانی لەسەر هەردو ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی دروست دەکات، هاوکات ستایشی ڕۆڵ و هەوڵەکانی عێراقی کرد لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP