دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

وتەبێژی حکومەتی ئێران: هەناردەکردنی نەوت راناگرین و دەستبەرداری پشکی خۆمان نابین لە بازاڕی نەوتی جیهانی

هەرێم نیوز

وته‌بێژی حکومەتی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ناتوانرێت هەناردەی نەوتی ئێران بوەستێنرێت، ده‌شڵێت، "ئەگەر سزاکانی ڕابردو کاریگەرییان هەبوایە، پێویستیان بە سزای نوێ نەدەبو، ئێران پشکی خۆی لە بازاڕی نەوتی جیهانی لەدەست نادات".

فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران، وەڵامی بڕیارەکەی ئەمریکای دایەوە، بە سەپاندنی سزا بەسەر موحسین پاک نەژاد، وەزیری نەوتی ئێران و جەختیکرد، هەناردەکردنی نەوتی ئێران راناگیرێت و تاران دەستبەرداری پشکی خۆی نابێت لە بازاڕی نەوتی جیهانی.

موهاجرانی، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نوسیویەتی: کاتێک گەمارۆکان بەو خێراییە بەسەر وەزیری نەوتدا دەسەپێنرێن، ئەوە بەڵگەی نیگەرانییە لە زیادبونی چالاکیی و جوڵەی وەزارەتەکە. ئەگەر سزاکانی پێشوو کاریگەر بوونایە، پێویستیان بە سەپاندنی سزای نوێ و نوێکراوە نەدەبوو. هەناردەکردنی نەوت ناوەستێت، دەستبەرداری پشکی خۆمان نابین لە بازاڕی جیهانی.

دوێنێ، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، موحسین پاک نەژادی خستە لیستی سزاکانی خۆیەوە، لە هەنگاوێکەدا كە وەک بەشێک لە سیاسەتی زۆرترین فشاری واشنتۆن لە دژی تاران تەماشا دەکرێت، ئەوە لەكاتێكدایە، پاک نەژاد تەنها حەوت مانگ بەسەر دەستبەكاربونیدا تێپەڕیوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP