دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕوحانی: دوور نییە خامنەیی بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ڕازی بێت

هەرێم نیوز

سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران رایدەگەیەنێت، لەسەر چەند پرسێک دانوستانیان لەگەڵ ئەمەریکا کردووە و دەڵێت: ڕەنگە ئێستا ڕێبەری باڵا دژی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا بێت، بەڵام دوور نییە دوای چەند مانگێکی دیکە بە هەل و مەرجی نوێ ڕازی بێت، هەربۆیە دژایەتییەکی ڕەهای دانوستان لە ئارا نییە.

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک وەزیرەکان و بەشێک لە یاریدەدەرەکانی سەردەمی دەسەڵاتی خۆی لە حکوومەت، باسی لە دۆخی ئابووری و پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئێران کرد و ئاشکرای کردووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ساڵانە 100 ملیار دۆلار زیان دەکات.

دەڵێت: زۆر سەیرە مشتومڕ دەکەین لەسەر ئەوەی دانوستان بکرێت یان نەکرێت، باس لەوە دەکەن کە ڕێبەری باڵا، عەلی خامنەیی دژی دانوستانە، بەڵام وا نییە و ڕێبەری باڵا دژ نییە، بەڵکوو بەم هەل و مەرجانەی ئێستا هەن، ڕەنگە ئەمڕۆ دژ بێت، بەڵام دوور نییە دوای چەند مانگێکی دیکە بە هەل و مەرجی نوێ ڕازی بێت، هەربۆیە دژایەتییەکی ڕەهای دانوستان نییە.

هەروەها ئاماژەی داوە، کە دۆخەکە زۆر هەستیار و مەترسیدارە، چونکە هەر کاتێک هەنگاوێک بەرەو پێشەوە دەچن، دۆخەکە خراپتر دەبێت و مەرجەکان قورستر دەبن.
حەسەن ڕوحانی لە قسەکانی دەڵێت: ئەگەر کێشەی وڵات تەنیا ئابووری بێت، ڕەنگە پرۆژەیەک گەڵاڵە بکرێت و جێگەی پەسەند بێت، جا چارەساز بێت یان نە، بەڵام کاتێک لە پاڵ کێشەی ئابووری، کێشەی ئاسایشیی نیشتمانی هەبێت و هەردوو کێشەکە بەیەکەوە یەک بگرن، ئەوا کۆمەڵگە لە هەموو شتێک بێئومێد دەکەن، هەربۆیە کێشەی ئێستای گەلی ئێران بێئومێدبوونە لە داهاتوو، کە بەشێکی پەیوەستە بە ئاسایشیی نیشتمانی، ئەمەش بە دروشم و قسە چارە نابێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP