هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، زانیارییەکی ئێمە بنەمابوون بۆ کوژرانی والییەکەی داعش، بەڵام بەداخەوە لە ڕاگەیەندراوی سەرۆک وەزیرانی عێراق هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی سەرەکی ئێمە نەدراوە.
ئەمڕۆ هەینی، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کوژرانی والی داعش لە عێراق و سووریا ڕوونکردنەوە دەدات.
دەقی راگەیەندراوەکە:
دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵی عێراقی، جێگری خەلیفەی داعش و بەرپرسی داعش لە عێراق و سووریا بە ناوی عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رفیعی ناسراو بە ئەبوو خەدیجە لە چالاکییەکدا کوژرا.
ئەم کردارەش دەرخەری ڕژدی ئێمەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا.
بەڵام بەداخەوە لە ڕاگەیەندراوی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵدا هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەدراوە. ئەم نادیدەگرتنەش ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگانی هەرێم و فیدراڵ.
دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی کاریگەریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەمناوچەیەدا هەبووە و هەرواش بە کارایی لەم ئەرکەی بەردەوام دەبێت و باشترە حکومەتی فیدراڵیش زەمینەیەکی لەبارتری هاوکاری و هاوئاهەنگی برەخسێنێت لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سەرانسەری عێراق.