هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، "یەکێک لە مەترسیدارترین تیرۆریستەکانی عێراق و جیهان لەلایەن دەزگای هەواڵگری نیشتمانی بە هاوئاهەنگی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کوژرا".
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند دەزگای هەواڵگیریی نیشتیمانی بە هاوکاری و هەماهەنگیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیان عەبدوڵڵا مەکی موسڵح ڕەفیعی ناسراو بە "ئەبو خەدیجە" بکوژن کە جێگری خەلیفەی ڕێکخراوی داعش بوو هاوکات والیی عێراق و سووریا.
زانیاریی زۆر لەبارەی عەبدوڵڵا مەکی نین، بەڵام لە ماوەی کارکردنییدا لەگەڵ رێکخراوی داعش، چەندین پۆستی باڵای هەبووە لەوانە، جێگری خەلیفەی داعش، والی عێراق و سووریا و بەرپرسی نووسینگەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوە.
لە 9ـی حوزەیرانی ساڵی 2023دا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خستیە نێو لیستی تیرۆرەوە.