هەرێم نیوز
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە توندی سزاکانی سەر موحسین پاکنەژد، وەزیری نەوتی ئێران و چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگر و کۆمپانیای بازرگانیی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند: ئەو کارەی ئەمریکا " گاڵتەجاڕانە و پێچەوانەی هەموو پێوەر و نۆرمەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".
لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، سزا نوێیەکان دەبێتە هۆی گوشاری زیاتر لەسەر کەشتیی و نەوتهەڵگرەکان کە ئێران پشتی پێدەبەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ چین، هاوکات بەئامانجی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە بۆ سفر.
ئەو لیستەی لە ماڵپەڕی خەزێنەی ئەمریکا ڕاگەیەندراوە دەریدەخات ناوی کەسێک و 18 کۆمپانیا و 13 کەشتی خراوەتە لیستی ڕەشەوە کە بە "SDN" ناسراوە و ئەمەش بەمەبەستی ڕێگریکردنە لە پارەدارکردنی حکومەتی ئێران.
ئەو کۆمپانیا و کەشتیانەی کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، سەر بە وڵاتانی جیاوازن، لەوانە بەنگلادیش، دوورگەکانی مارشال، چین و سریلانکا.
هەروەها ناوی موحسین پاکنەژاد وەزیری نەوتی ئێرانیش لەم لیستەی گەمارۆکاندا هاتووە.