دواین هەواڵ

ئابوری‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

حکومەتی هەرێم: لێخۆشبونی تەواو بۆ قەرزی سودی کشتوکاڵی دەکرا

هەرێم نیوز 

لێخۆشبونی تەواو بۆ قەرزی سودی کشتوکاڵی دەرکراو پێشنیازێکیش بۆ لێخۆشبون لەبەشێکی قەرزی خانوبەرە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ده‌كرێت.

بەگوێرەی نوسراوێکی فەرمی کە ئەمڕۆ یەکشەممە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە پسپۆڕییەکان کراوەو واژۆى ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی لەسەرە، ئەنجومەنی وەزیران لێخۆشبونی بۆ قەرزی سودی کشتوکاڵی دەرکردوە.

بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی پاڵپشت بەنوسراوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (15786) لە12ى 11ى 2024 دەرکراوەو لەسێ خاڵ پێکهاتوە:

1ـ ڕەزامەندی درا لەسەر لێخۆشبون لەسودی بانکی کشتوکاڵی ئەو جوتیارانەی نەیانتوانیوە قەرزەکانیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە بدەنەوە.
2. ئەوانەی کۆی قەرزەکانیان گەڕاندوەتەوە، تەنها سودەکەیان لەسەر ماوەتەوە، ئەم لێخۆشبونە دەیانگرێتەوە.
3. پێویستە جوتیار لەماوەی ساڵی دارایی (2025) قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، بەمەرجێک لەسێ گوژمە زیاتر نەبێت‌و لێخۆشبونەکە لەدوای وەرگرتنەوەی دوایین گوژمە بۆی دەکرێت.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ میدیاى نزیك له‌پارتى له‌زارى جەمیل ئەبوبەکر بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی هەرێم بەوەکالەته‌وه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، "جگە لەم لێخۆشبونە، لەوەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمەوە، ژمارەیەک پێشنیازی زۆرباش‌و گرنگمان بەنوسراوی فەرمی بۆ لێخۆشبون لەبەشێکی قەرزی خانوبەرە، ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردوە، بەڵام زیاتر لەجارێکە سەرۆکایەتیی دیوانیی ئەنجومەنی وەزیران داوای زانیاریی زیاتر لەبارەی پێشنیازەکانمان لێدەکات، سەرەڕای ئەوەی، هەموو زانیارییەکی پێویستمان ئاراستە کردوە".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ئەگەر پێشنیازەکانی وەزارەتی دارایی لەبارەی لێخۆشبون لەبەشێکی قەرزی خانوبەرە، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندبکرێن، لەوانەیە لەنێوان 20% بۆ 25% لێخۆشبون بۆ بەشێکی ئەو قەرزە بکرێت کە هاوڵاتییانی هەرێم پێش ساڵی 2014 بۆ دروستکردنی خانوو لەحکومەت وەریانگرتوە".

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی هەرێم بەوەکالەت باسی لەوەشکرد، "ئەو پێشینەیەی خانوبەرە کە حکومەتی هەرێم پێش ساڵی 2014 بەهاوڵاتییانی داوە، لەنێوان 20 ملیۆن بۆ 25 ملیۆن دینار بوو، بەڵام بەهۆی نەدانەوەی قیستی مانگانەیان، بڕێکی پارەی زیادە چوەتەسەر قەرزی چەندان هاوڵاتی، ئەگەر پێشنیازەکانمان پەسەندبکرێن، جگە لەلێخۆشبون لەبەشێکی قەرزەکە، لێخۆشبونی تەواو بۆ  پارە زیادەکەش دەکرێت".

دابەشکردنی پێشینەی خانوبەرە لەساڵی 2008وە دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی قەیرانی لەساڵی 2014 وەستا، لەماوەی ئەو شەش ساڵە، حکومەتی هەرێم زیاتر لەچوار ترلیۆن‌و 100 ملیار دیناری وەکو پێشینەو قەرزی نیشتەجێبون‌و خانوبەرەو پڕۆژەگەلی کشتوکاڵی‌و هاوسەرگیریی‌و پیشەسازیی‌و گەشتیاریی بەهاوڵاتییاندا.

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "لەکۆی ئەو قەرزەی حکومەتی هەرێم بەهاوڵاتییانیداوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، نزیکەی یەک ترلیۆن‌و 950 ملیار دینار بۆ گەنجینەی گشتی گەڕێنراوەتەوە، بەڵام تائێستاش زیاتر لەدوو ترلیۆن‌و 150 ملیار دینار لای هاوڵاتییان ماون".

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی هەرێم پێوایە، ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی لێخۆشبون لەبەشێکی قەرزی خانوبەرە پەسەندبکات، بەشێکی زۆری هاوڵاتییان لەماوەیەکی کەمدا قەرزەکانیان دەدەنەوە، ئەمەش هەم سودی بۆ خەڵک‌و هەمیش بۆ حکومەت هەیە، چونکە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP