هەرێم نیوز
مێجەرسۆن ناوێکى ناوداری مێژووى نوێی کوردە، ئەو بەنهێنى هاتە عێراق و کوردستان، بەخێرایی خۆی فێری کوردی کرد بە هەردوو شێوەزارى هەورامی و سۆرانى، هێندەش فارسی و عەرەبییەکەى باش بوو کەس نەیدەزانی لە بنەڕەتدا ئینگلیزە، بەڵام کاتێک تایەربەگی جاف بەمەى زانی و دانى بە سیخوڕیەتى خۆیدا هێنا، خۆی شاردەوە، بەڵام دواجار بە ئاشکرا گەڕایەوە، پەرەى بەزمانى کوردی و فەرهەنگی کوردەواریی دا، پارەى بەوانەش دەدا کە خۆیان فێری شۆفێری دەکەن، قیرتاوی دەکرد و بۆ ماویەکیش حاکمی ئینگلیزەکان بوو لە سلێمانى.
ئیلی بانیستەر سەون ناسراو بە مێجەرسۆن، لە 19/8/1881 لە شاری کینگستۆنی وڵاتی بەریتانیا لەدایکبووە، لە ساڵی ١٨٩٨ لە زانکۆی کامبریج خوێندنی تەواو کردوە، کە جارێک وەک سیخوڕ و جارێکیش وەک دادوەرێکی بەریتانی هاتووەتە کوردستان، خولیای فێربوونی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان بووە، لە ساڵی ١٩٠٢ وەک شارەزای بانک چوەتە وڵاتی ئێران و لەوێ فێری زمانی فارسی بووە لە ساڵی ١٩٠٥ چوەتە شیراز و موسڵمانبونی خۆی ڕاگەیاندوەو کچێکی خەڵکی شیرازی مارە کردووە، لە ساڵی ١٩٠٧ چوەتە ئەستەنبوڵ و ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ میرزا غوڵام حوسەینی شیرزای. لە ساڵی ١٩٠٩ هەر بەو ناوەوە گەشتەکانی بۆ کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە، بووە بە بەڕێوبەری بانکی کرماشان و فێری زمانی کوردی بووە دواتر ڕوی کردوەتە باشوری کوردستان، ماوەیەک لە شاری سلێمانی ماوەتەوە، دواتر ڕووی لە شاری هەڵەبجە کردووە، زیاتر لە شەش مانگ لە ماڵی وەسمان پاشادا نزیک لە عادیلە خانم و تاهیر بەگی جاف ژیاوە.
عادیلە خانم بە زمانە فارسییەکەی سەرسام بووە، داوای لێکردوە هەموو ڕۆژێک بچێت بۆ دیوەخانەکەی تاکو بە زمانی فارسی گفتوگۆ بکەن، ئەرکی نوسینە فارسیەکانی بەو سپاردوە، زۆر تێکەڵی خەڵک و دیوەخانەکان و بازاڕەکانی کردوە.
لەو ماوەیەدا کتێبێک بە ناوی (گەشتێکی شاراوە بۆ میزۆپۆتامیا و کوردستان) دەنوسێت، کە زانیارییەکی زۆری لەسەر زمان و دابوونەریتی کوردی تێدایە و چەند کتێبی فێرکاریشی بۆ زمانی کوردی نوسیوە، بەجۆرێک لە خەمی زمانى کوردیدا بووە کە مرۆڤ هەستى نەکردووە ئەو کەسە بیانی بێت.
وەک سەرچاوەکان ئاماژەى بۆ دەکەن تاهیر بەگی جاف کوڕی وەسمان پاشا و عادیلە خانم زۆر مێجەرسۆنی خۆشویستووە و رۆژانە لەبەر ئەوەى لەنێو ماڵەکەیاندا بووە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کردووە، بەڵام گومانی لە هەڵسوکەوتەکانی هەبووە، دوای ماوەیەک کاتێک پرسیارێکی لێدەکات، مێجەرسۆن بە وشەی ئینگلیزی (No)ـى ئینگلیزیی وەڵامی داوەتەوە، بەم هۆیەوە تاهیر بەگ فشارى دەخاتە سەر و ناچاری دەکات دان بە ڕاستییەکاندا بنێت و دەردەکەوێت کە کورد نییە و ئینگلیزە، بۆیە لەکاتى ئاشکرا بوونیدا ناچار بووە بە دزییەوە کوردستان بەجێ دەهێڵێت و لەناکاو ون دەبێت، دوای گەشت و گەڕانی کۆمپانیای نەوتی ئەنگلۆ - ئێرانی، لەگەڵ سوپای ئینگلیزدا گەڕاوەتەوە عێراق و کراوە بە لێپرسراوی هەڵکەندنی بیرە نەوتەکانی ناوچەى خانەقین، لە ساڵی 1912 بووە بە بڕواپێکراوی کونسوڵخانەی بەریتانیا، ساڵی دواتریش کراوە بە جێگری کونسوڵی وڵاتەکەی لە قەسری شیرین.
لە ساڵی 1917 بۆ خۆنزیککردنەوە لە هۆزە کوردەکان نێردراوە بۆ خانەقین، تا لەوێوە ڕێگا بۆ هاتنی ئینگلیزەکان و دامەزراندنی دەسەڵاتیان لەو ناوچەیە خۆش بکات، بە یارمەتیی شوکری فەزڵی توانیویەتی 67 ژمارە لە ڕۆژنامەی (تێگەیشتنی ڕاستی) دەربکات و پاشان گۆڤاری (پێشکەوتن)ی بڵاوکردوەتەوە.
لە ساڵی ١٩١٩ کە ئینگلیزەکان سلێمانییان داگیرکردووە ، مێجەرسۆن کراوە بە فەرمانڕەوای سیاسی سلێمانی، لە کاتی شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید دا، ئەفسەری سیاسیی سوپای بەریتانی بووە لە باکوری عێراق و وەک چاودێر بەسەر حکومەتەکەی شێخ مەحمودەوە کاری کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر ئاستى گرنگیدان بە هوشیارکردنەوەى کورد، خوێندنی کردووە بە کوردی و (قوتابخانەی نموونەيی سەعادەت)ی کردوەتەوە و خۆیشى بۆ ماوەیەک وانەی تێدا گوتوەتەوە، فەرهەنگی (ئينگليزی – کوردی) داناوە، دوو کتێبی لەسەر ڕێزمان و بنچينەکانی ڕێزمانی کوردی نووسیوە، کاریگەریی هەبووە لە سەر گۆڕينی ناوی (سلەيمانيە) بۆ (سلێمانی)، پشتگيریی چاپکردنی يەکەم (ديوانی مەحوی) کردوە و چەندین کاری دیکە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو ماڵەی کە لە سلێمانیدا مێجەرسۆن تێیدا ژیاوە ئێستا کراوە بە مۆزەخانە.
ڕێگا سەرەکييەکانی دەرەوەی سلێمانی بۆ کەرکوک و هەڵەبجەی چاککردوە، يەکەمين ئۆتۆمبێلي هێناوەتە سلێمانى و خولی فێربوونی ئۆتۆمبێلی بۆ هاوڵاتيان کردوەتەوە، پارەی داوە بە هەر کەسێک بەشداری خولەکە بکات، پردی تانجەڕۆی بەرەو قەرەداغ دروستکردوە، (ئەنجومەنى شار)ی بۆ سلێمانى دامەزراندوە کە بە ڕاوێژ و گفتوگۆ بڕياری تێدا دراوە و لە ساڵی 1922 توشی نەخۆشی سیل بووە.
مێجەرسۆن لەکاتی گەڕانەویدا بۆ بەریتانیا بەمەبەستى چارەسەری نەخۆشییەکە نەگەشتەوە سنوورى وڵاتەکەى لە رۆژی 24ـى شوباتى ساڵى 1923 کە ئەفسەری نهێنى، سیخوڕ، کەسایەتى سیاسیی سوپای بەریتانیا و نوسەر و زمانناس، شارەزای کەلتورەکانى رۆژهەڵاتیش بوو، رۆڵی هەبوو لە بەرەو پێشەوە بردنى رەوشى ناوچەکە بە گشتى ، بە هۆی نەخۆشی سیلەوە کۆچی دوایی کردووە،بەڵام ناوى ئەو لە ڕووپەری مێژووى ناوچەکەدا ماوەتەوە و بەردەوام باسی لێوە دەکرێت، سەرەڕای ئەوەى کاری نهێنى و سیخوڕیی بۆ وڵاتەکەى کردووە، لە پەنای ئەوەدا خزمەتێکى باشی بە زۆرینەى سێکتەرەکانى ئەو کاتى سلێمانى و نەتەوەى کوردیش کردووە.