دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

یاریکردن لەسەر دوو پەت کۆتایی هات، عێراق ئەمریکا هەڵدەبژێرێت یان ئێران؟

هەرێم نیوز

واچاوەڕێدەکرێت پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و ئەمریکا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێبپەڕێت لە سایەى ئیدارە نوێیەکەى دۆناڵدترەمپدا بەتایبەتى لە ئێستادا کە ناوچەکە لە گۆڕانکارییەکى خێرای چاوەڕوان نەکراودایە و هەر لە ئێستاشەوە سەرەتاکانى دەرکەوتوون، ئەویش بڕیارێکی بانکی ناوەندییە کە لەسەر داخوازیی وەزارەتى گەنجینەکانى ئەمریکا پێنج بانکی عێراق بێبەشکردووە لە مامەڵەکردن بە دۆلارەوە.

هەر بۆیە پێدەچێت عێراق دەرکی ئەو ئاڵنگارییەى کردبێت هەر بۆیە گروپێکى سیاسی تایبەتى لەنێو وەزارەتى دەرەوەدا پێکهێناوە بەتایبەتى لەدواى سەرکەوتن و بردنەوە ترەمپ. لەگەڵ ئەوەشدا عێراق مەترسییەکانی نەشاردووەتەوە ئەگەر بە تەواوى بکەوێتە ژێر کاریگەریی داواکارییەکانى ئەمریکا.

عودەى عەواد کە ئەندامی پەرلەمانى عێراقە و بەیەکێک لەوانە ناسراوە کە دژایەتی سیاسەتەکانى ئەمریکادەکات لەناوچەکەدا، ئەو هەموارەى کە لەم دواییانەدا لە یاساى بودجەدا گرتییە بەر بەتایبەتى لە رسومات و شایستە داراییەکانى کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکاندا، بۆ ئەوە بووە کە لەگەڵ داخوازییەکانى ئەمریکادا بگونجێت.

محەمەد ساڵح ئەندامی پێشکەوتوو لە توێژینەوەکانى پەیمانگاى سیاسەتە دەرەکییەکان لە فیلادلفیا لە پێگەى -زە نیو ریگن- ى ئەمریکیدا دا بابەتێکى بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە گۆڕانکارییەکان لە عێراق ئەوە نیشان دەدات کە عێراق رۆڵی میحوەریی گرنگ دەگێڕێت و پێویستى بە راستکرنەوەى خێرا هەیە، ئاماژەى بەو یاداشتەش کردووە کە ترەمپ لە 4ـى شوباتى ئەمساڵدا دەریکردووە بۆ ئەوەى ئێران نەتوانێت دۆخی تایبەتى عێراق لە راونگەى ئابورییەوە، جۆ ویڵسۆن ئەندامی کۆنگرێس بە ئاشکرا هەڕەشەى زیاتر لەو لایەنانەش کردووە کە لە عێراقدان و لە ئێرانەوە نزیکن، لەنێویاندا بەرپرسانى یاسایی و سیاسی و رێکخراوى بەدر و بانکی رافیدەنیشیان تێدایە.

لەنێو ئیدارەکەى ترامپیشدا کەسانێکى دیکەشى تێدایە کە هەمان بۆچوونیان هەیە و توندن، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە دواى ئەوەى لە 16ـى شوبات سەرداتى قودسى کرد رایگەیاند میلشیا عێراقییەکان کە لە لایەن ئێرانییەکانەوە پشتیوانى دەکرێن ناسەقامگیرییان لە عێراقدا دروستکردووە،هەندێک پێشبینى کردووە کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو میلشیایانە یان دەبێت بەتەواوى بچنە ژێر باڵ و فەرمانى حکومەتى عێراقییەوە.

جۆیل ریبۆرن کەسایەتى پێشنیازکراو بۆ جێگری وەزارەتى دەرەوە بۆ کاروباری سیاسەتى رۆژهەڵاتی دوور بەردەوام لەدژى ئێران بووەو لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ سەقامگیریی و بەهێزیی هەرێمى کوردستاندا بووە بەتایبەتى لە روانگەى دەستوورییەوە، مایک واڵتز راوێژکاری ئاسایشى نیشتمانی ئەمریکاش لەبارەى رۆڵی ئێران لە بوارى یاساکانى عێراقدا بە ئاشکرا باسکردووە، لەبارەى فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنى دادوەرییەوە رای وایە کەسێکى شارەزایە بۆ ئەوەى عێراق بەرەو گوێڕایەڵی و وابەستە بە ئێران ببات.

هەر بۆیە هاوپەیمانان و ئەوانەى کە لەگەڵ سیاسەتەکانی رۆژئاوادان لە عێراق بەتایبەتى کوردەکات لەوبارەیەوە نیگەرانن و باوەڕیان وایە ئەم جۆرە کارانە کاریگەریی نەرێنییان لە سەر داهاتووى عێراق دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا عیراق لەنێوان هاوپەیمانی ئەمریکا و دەسەڵاتی میلشیاکاندا گیری خواردووە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانى دەکرێن.
ئەوەش روونە سیاسەتەکانی عێراق لەگەڵ سەردەمی دیموکراتەکان و ئیدارەکەى بایدن گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە نێو ئیدارە نوێیەکەدا متمانە بەسەرکرە عیراقییەکان لاوازە، لەبەر ئەوەى لە گۆشەى نزیکییان لە ئێرانەوە سەیریان دەکەن و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن، هەربۆیە ئەوانەى لەوانەوە نزیک بوون لە لوبنان و فەلەستین و سوریا باجی ئەو نزیکییەیان لە ئێرانەوە دا.

ئەوەى کە ماوەتەوە دۆخی عێراقە کە پشت بە هاوپەیمانی شیعەکان دەبەستێت بەشێوەیەکى تەقلیدی هێز لە ئێرانەوە وەردەگرێت، سەرەڕای ئەوەش کە هەندێکجار بەرژەوەندییەکانیشیان یەکناگرێتەوە، هەربۆیە پێویستى بەوە هەیە ئاڕاستەکردنی سیاسەتى عێراق بە خێرایی بخرێتەوە سەر رێگە راستەکە، کە لە دوو دەیەى رابوردوودا ببوە خاڵی لاوازی عێراق بەتایبەتى لەو خاڵەدا کە حەشدى شەعبی نوێنەرایەتى پاراستنی بەرژەوەندییەکان و ئاسایشى عێراق بکات.

لەگەڵ ئەوەشدا پێناچێت چیتر ئەمریکا رازی بێت عێراق لە میحوەرى ئێران و مقاوەمەدا بمێنێتەوە، ئەوە لە کاتێکدا هێرشەکانی سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە لایەن مقاوەمەوە بەردەوامییان هەیە و پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئێران درێژەی هەیە و لە هەمان کاتیشدا هێشتا هەر ئەمریکا چاوى لە هەندێک شت پۆشیوە بەتایبەتى ئەو تۆڕانەى کە بە ئاشکرا بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن، بۆیە پێناچێت ئەمجارە ئەمریکا هەمووشت قبوڵ بکات و عێراق بتوانێت لەنێوان ئەو دوو هێزەدا بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە و یاری خۆی بکات و وەک دەگوترێت لەسەر هەردوو پەتەکە یاری بکات و دەبێت خۆی یەکلایی و راست بکاتەوە.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا عێراق دەتوانێت ئەو هاوسەنگییە لەدەست بدات و خۆی بۆ لایەکیان یەکلایی بکاتەوە ئێران یان ئەمریکا؟ ئایا بە کام لایاندا لەدژى ئەوى دیکەیان دەشکێتەوە، ئەوە لە کاتێکدا لەنێو دەستوورى عێراقی 2005 دا بە دەق هاتووە دەڵێت سیستمی فیدراڵی عێراق دەسەڵات دابەش دەکات لەنێوان عەرەبی شیعەو کورد و عەرەبی سونەدا، بەهیچ شێوەیەک ئەم هاوسەنگییە تێکناچێت کەچى لە ساڵی 2017 دا هەژموونى کوردەکان لاواز بوو دەسەڵاتی شیعەکانیش زۆر بەهێز بوون، کە یەکێک لەو هۆکارانە لەدەستدانى هاوسەنگی بوو لە عێراقدا، هەربۆیە یەکێک لە مسۆگەرییەکانى ئۆقرەیی و سەقامگیریی عێراق پەیوەندیی بە بەرقەراریی هەرێمى کوردستانەوە هەیە.

هەربۆیە دەبێت هێزە شیعەکانى عێراق هەمیشە ئەو مەترسییەیان لە بەرچاودا بێت کە لە هەر ئان و ساتێکدا گۆڕانکاریی بێتە ئاراوە، پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و ئەمریکا پێ بنێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، ئاڵۆزییەکانى گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات بەرەو ئاڕاستەیەک بڕوات کە لەبەرژەوەندی عێراقدا نەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP