هەرێم نیوز
ئەمرۆ چوارشەممە، شاندی باڵای یەکێتی و پارتی لە پیرمام کۆدەبنەوە.
لەسەر شێوازى چۆنیەتی بەشداریکردن لە کابینەی داهاتوو هەردوو لا تاوتوێی پرۆژەیەک دەکەن بەناوى (ستراتیجیەتى بەڕێوەبردن).
بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا رێککەوتن لەسەر زۆرینەى خاڵەکانى ئەو پرۆژەیە کراوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە درێژکراوەی کۆبوونەوەی شەممەی ڕابردووە کە لە سلێمانی بەڕێوە چوو، ئامانج لەکۆبوونەوەکەش درێژەدانە بەو وردەکارییانەی کە لە ڕەشنووسەکەدا هەیە، کە شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی لەدوای پێنج کۆبوونەوە ئەو ڕەشنووسەیان ئامادەیان کردووە.
ڕەشنووسەکە نۆ تەوەری جیاوازی لە خۆگرتووە، ئەوانیش بریتین لە 'دارایی، وزە، پێشمەرگە، پەیوەندییەکان، پەرلەمان و حکوومەت و کۆمەڵێک بابەتی ئەمنی و دەسەڵاتەکان'، هەروەها ڕەشنووسەکە لە 15 لاپەڕە پێکهاتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەکۆبوونەوەی شەممەی ڕابردووی نێوان پارتی و یەکێتی، لەسەر بەشێک لەخاڵە ناکۆکان لێکگەیشتنیان هەبووە، بۆیە ئەو خاڵانەی لەسەر کۆکن زیاترە لەو خاڵانەی لەسەری ناکۆکن، بۆیە هەردوولا دەیانەوێت ئەو خاڵە ناکۆکانەش تێپەڕێنن، بەڵام تاوەکوو ئێستاش باسیان لەدابەشکردنی پۆستەکان نەکردووە.