هەرێم نیوز
ئەمرۆ 27شوبات ساڵڕۆژى کۆچى دوایی دەرهێنەرە بەنابانگەکەى ئێرانە لە ساڵ 2016 سیناریست، سینەماکار و دەرهێنەرى بەناوبانگی زنجیرە دراماکانى یوسفی ڕاستگۆ و پیاوانی ئەشکەوت و پێغەمبەر ئەیوب (فەرەجوڵا سەلەحشور) لە تەمەنی 63 ساڵیدا لە تاران کۆچی دوایی کرد، سەلەحشوور وێڕای ئەوەى کەسێکی لایەنگری سەرسەختى کۆماری ئیسلامی ئێران بوو توانیبووى لە دیدگا هونەرییە ئاینییەکەیەوە خزمەتێکى زۆر بە سینەما و تەلەفزیۆنی ئێران بکات، ئاخر ئەو دەرهێنەری یەکێک لە باشترین زنجیرە تەلەفزیۆنەکانە بەناوى (یوسف) پێغەمبەر کە لە زۆرینەى ماڵەکانى کوردستاندا سەیرکراوە و رەمەزانان دەبێتەوە میوانى هەموو شاشە ئیسلامییەکان.
فەرەجوڵای سەلەحشورنیا لە 3/11/1952 لە شارى قەزوین لە دایکبووە و هەر لەوێش خوێندویەتى، لەسەرەتاى تەمەنییەوە خولیاى هونەرى نواندن بووە، هەرچەندە لە چەند فیلمێکدا ڕۆڵی ئەکتەرى گێڕاوە بەڵام هیچیان وەک دەرهێنان و ئامادەکردنى زنجیرە دراما تەلەفزیۆنیەکانى ناوبانگی پێ پەیدا نەکردوە و بەردەوام بەدواى ڕوداوە مێژوییەکانەوە بووە، کارەکانى جێگەى ڕەزامەندی بەرپرسانى باڵای کۆماری ئیسلامی بوە و حەوزەى قوم وەک گەورەترین ناوەندی زانستى ئایینى لە ئێران لەپاى کارەکانى خەڵاتى تایبەتییان کردووە.
فەرەجوڵا لە ڕووی سیاسییەوە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماریی پێشوو هەبوە و چەند جارێکیش دیداری خامنەئی ڕێبەرى ئەو وڵاتەى کردوە و لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئەحمەد نەژاد بە مالیکی ئەشتەر ناودەهێنێت ، مالیکی کوڕی حاریسی نەخەعی یەکێک بووە لە جەنگاوەرە عەرەبەکانی سەردەمی عوسمانى کوڕی عەفان و یەکێک بووە لە هاوڕێی و هەوادارە نزیکەکانى و دەگوترێت بە بنەچەش دەچنەوە سەر یەک بەرەباب لەگەڵ هاشمییەکاندا و لە پەناى عەلییەوە لەچەندین جەنگدا بەشداریی کردووە ئەو لە ساڵی 585 لەیەمەن لە دایکبووە و لە 658 لە میسر دەرمانخوارد کراوە لەکاتێکدا والی وڵاتەکە بووە و هەر لەوێش نێژراوە.
سەلەحشور لەگەڵ ماڵی سینەماى ئێرانیدا کە گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنانى هونەری سینەماییە هەمیشە ناکۆک بوە و ڕەخنەى توندی ئاڕاستەکردون و ئەوانیش بە دزینى دەقى فیلمنامەى (یوسفى ڕاستگۆ) تاوانباریانکراوە و دواتر لە دادگا یەکلایی بوەتەوە کە بەشێکی زۆر لە دەقى ئەو درامایە لە نوسینێکی شەهابەدین تاهیری وەرگیراوە بە بێ ڕەزامەندی نوسەرەکەى و ئاماژەدان بەسەرچاوەکەى کارى لەسەر کردووە و لە زنجیرەکەیدا بەکارهێناوە، هەربۆیە دادگا بریاری 3 ساڵ زیندانى و ملیارونیوێک تمەن سزای درایی داوە.
بەڵام لە کاتى پێدا چوونەوەى دۆسیەکەیدا لە دادگای پێداچوونەوەى تاران بێ تاوانى سەلمێنراوەو هەندێکیش بەدەستێوەردانى ماڵی ڕێبەرى و بەرپرسانى باڵای ئێرانى لێکی دەدەنەوە کە بێتاوانى دەرچوە ئەگینا هیچ گومانێکی تێدا نەبووە لەوەى ئەو کارەى کردبێت، بەوەش بەشێکى تر لە ناکۆکییەکانى نێوانیان زیاتربوو.
کاتێکیش لە 15/10/2011 یەکێک لە دەرهێنەرە ئێرانیەکان بانگهێشتى ئەنجیلینا جولی کردبوو بۆ ماڵی سینەماى ئێران سەلەحشور ئەو ناوەندەى بە (بەرەڵاخانە)ناو هێناوە و هەندێکجاریش بە بنکەى جوولەکە و ئیسرائیل ناوى بردوون، لە کاتى سەرەمەرگدا رایگەیاندووە یەکێک لە ماڵی سینەماى ئێران و وەزارەتى ئیرشادیش نییە، داواى کردووە لە نزیک هونەرمەندانەوە بە خاکی نەسپێرن.
فەرەجوڵا دواى ئەوەى توشی نەخۆشی شێرپەنجەى سییەکانى بوە ، بۆ ماوەیکى زۆر لە قاچ کەوتووە بە هەڵەى یەکێک لە پزیشکەکانى بەهۆی لێدانى دەرزییەکەوە، تادواجار لە رۆژى 27شوباتى 2016 لە نەخۆشخانەى بەقیەتوڵاى تاران گیانى لەدەستداوە، سەبارەت بەمەرگی سەلەحشور هەندێک لە نزیکەکانى گومان دروست دەکەن و پێیان وایە دەستێک کوشتویەتى ئەگیان هێشتا شێرپەنجەکەى ئەوەندە تەنگی پێهەڵنەچنیبوو کە ببێتە هۆی گیان لەدەستدانی، لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیدا خەڵکێکی زۆر تێیدا بەشداربوون.