دواین هەواڵ

عێراق‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ سودانی باسی لە خێراكردنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كردووە

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە، وردەکاری نوێی سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبووی راگەیاند.

تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: رۆبیۆ لەگەڵ سودانی کۆمەڵێک بابەتی تاوتوێ کردووە، لەوانە، کاریگەری ئێران لە ناوچەکە، پێویستی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزەو وەبەرهێنانە بازرگانییەکانی ئەمریکا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پێویستی سەربەخۆیی عێراق لەبواری وزەو دەستپێکردنەوەی کارپێکردنی هێڵی بۆری عێراق-تورکیا بەخێرایی و، پابەندبون بە مەرجەکانی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە عێراق کاردەکەن بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر.

بەیاننامەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە كاتێكدایە، پێشتر نوسینگەی راگەیاندنی سودانی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفونییەی رۆبیۆو سودانی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند،  گفتوگۆ لە بوارەكانی هەماهەنگی نێوان عێراق و ئیدارەی نوێی ئەمریكاو چوارچێوەی هاوكاری كراوە، لەسەر بنەمای رێككەوتنە دوو قۆڵیەكان. 

هاوكات ئەو پێشكەوتنانە خراوەتەڕوو كە لە كاری هاوبەش لە بوارە جیاوازەكان بە ئەنجام گەیشتووە، رێككەوتون لەسەر چڕكردنەوەی پەیوەندیەكان و قۆڵكردنەوەی هاریكاری نێوانیان، بەبێ‌ ئەوەی ئاماژە بە هیچ كام لەو زانیارییانە بكات كە لە بەیاننامەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP