هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پشتگیری خۆی بۆ بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی داهاتووی سوریا دەکەم، هاوکات ڕاشیگەیاند هێزەکانی سوریای دیموکرات نوێنەرایەتی هەموو کورد ناکەن.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم قسانەی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە کرد.
مەسرور بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ بەشداری کوردانی سوریا لە پڕۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە دەربڕی. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان دەکەن ڕاست نین، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕی بۆ میوانداریکردنی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها باسی لە خواستی حکومەتی هەرێم کرد بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی سعودی زیاتر لە هەرێمی کوردستان ئامادەییان هەبێت و پەیوەندی نێوان هەردوو بەهێزتر بێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ناکۆکییە ئابوورییەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا ڕەهەندێکی سیاسی هەیە و ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان پشکێکی دادپەروەرانە لە بودجەی عێراق وەرناگرێت.
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، تا ئێستا پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نەبووە.