هەرێم نیوز
سیروان محەمەد، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بە میدیای گۆڕانی ڕاگەیاند: لە شاری سلێمانی قۆناغی یەکەمی کارەبای 24 کاتژمێری لە بواری جێبەجێکردندایە، لە هەفتەی داهاتووشەوە قۆناغی دووەم دەچێتە بواری جێبەجێکردوە.
وتەبێژی کارەبای سلێمانی دەڵێت: لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ قۆناغی دوەمی پڕۆژەی ڕووناکی دەکەن و کە بەشی سەرەوەی شاری سلێمانی دەگرێتەوە لە 14 فیدەر پێکهاتوە و لە هەفتەی داهاتوەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وتیشی: قۆناغی یەکەم لەناو بازاڕ و بەشێکی گەرەکەکانی سلێمانی چوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و زیاتر لە نۆ هەزار هاوبەش تێیدا بەشدارە.
دەشڵێت، لە ئێستادا گفتوگۆ هەیە بۆئەوەى پێداچونەوە بە نرخی کارەبای پرۆژەی ڕووناکیدا بکرێت.
پڕۆژەی ڕووناکی هەفتەی پێشوو لە سلێمانی چووە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، کە لەم قۆناغەدا نزیکەی 9 هەزار هاوبەشی ماڵان و بازرگانی لەسەر 8 فیدەر کارەبای بەردەوامیان بۆ دابینکرا، کە دەکەونە گەڕەکەکانی سەرکارێز ، توی مەلیک سابونکەران ، مەڵکەندی ، ئیبراهیم پاشا ، دارۆغا، حاجی حان، شەقامی ئۆرزدی و ئەسحابەسی و شەقامی کاوە.
وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندبوو، پڕۆژەی ڕووناکی لە چالاکیەکانی بەردەوامە و بەمزووانە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ کۆمەڵێک گەڕەکی دیکە لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دابین دەکات و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر 17 گەڕەکی شاری هەولێر کارەبای 24 کاتژمێرییان لەلایەن پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکراوە و بەمشێوەیە بەکۆی گشتی نزیکەی 100 هەزار هاوبەش سوودمەند دەبن لەم خزمەتگوزارییە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان.