هەرێم نیوز
سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ وەزیری تەندروستیی ئیمارات کۆ بووەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە بواری تەندروستیدا
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی شوباتی 2025، نووسینگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە دوبەی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ عەبدولرەحمان بن محەمەد ئەلعوەیس وەزیری تەندروستی و خۆپارێزیی کۆمەڵگەی ئیماراتی کۆ بووەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە بواری تەندروستیدا."
دووشەممە، 10-02-2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، گەیشتە ئیمارات، بۆ بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان کە لە دوبەی بەڕێوە دەچێت.
ئەندامانی ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات بریتین لە:
1. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
2. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
3. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
4. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان ئەمڕۆ سێشەممە دەستی پێ کرد و تاوەکوو 13ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، لووتکەکە لە شاری دوبەی بەڕێوە دەچێت. بڕیارە لە پەراوێزی لووتکەکەدا، سەرۆک وەزیران زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان بکات.