هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەسەر خاکی شانشینی عەرەبستانی سعوودی، سەرکۆنە و ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، لێدوانەکانی ناتانیاهۆ پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە توندی لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەسەر خاکی شانشینی عەرەبستانی سعوودی، سەرکۆنە و ڕەتدەکەینەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "لێدوانەکانی ناتانیاهۆ، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی شانشینی عەرەبستانی سعوودییە و دەستدرێژیکردنە بۆ سەر مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین، هاوکات پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
باسی لەوەش کردووە، هاوسۆزیی تەواو بۆ شانشینی سعوودی دووپات دەکەینەوە و جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان بۆ پشتیوانیی لە ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەریی وڵاتان دەکەینەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند "سعوودییەکان خاکێکی زۆریان هەیە و دەتوانن دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەسەر خاکی وڵاتەکەیان دابمەزرێنن."
ناتانیاهۆ، دووپاتی کردەوە "بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن لە دوای ڕووداوەکانی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، دەوڵەتێکی فەڵەستینی لە ناوچەکەیان دابمەزرێنرێت."