هەرێم نیوز
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، گەندەڵی وەک ڤایرۆس وایە و خۆی دەگۆڕێت و خۆی دەگونجێنێت، بۆیە گەڕاندنەوەی داواکراو و پارە تاڵانکراوەکانیان وەک مەرجێک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان داناوە، دەشڵێت، "جەخت لەسەر بەدواداچون بۆ دۆسیەکانی پەیوەست بە ڕای گشتی و گەندەڵی زۆر و بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت دەکەینەوە بۆ سەپاندنی سزای یاسایی بەسەر تۆمەتباراندا".
محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ شەممە لە وتارێكدا لە کۆنفرانسی چاودێری ناوخۆیی لەژێر دروشمی "چاودێری هێڵی یەکەمی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و پتەوکردنی شەفافیەتە" ڕایگەیاند، چاودێری ناوخۆیی بەربەستی یەکەمی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵییە بۆ پاراستنی دامودەزگاکانی حکومەت و یەکپارچەیی کارەکانی. هەروەها 12 تریلیۆن دینار بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ وەزارەتەکان و پارێزگاکان لە ساڵی 2024 دا خەرجکراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی لە ماوەی دو ساڵی ڕابردودا بەدەستهاتوە هیوا و متمانە بە هاوڵاتیان و گەشبینی بە دەوڵەت بەخشی و وڵات لەسەر ڕێچکەی ڕاستە. هەروەها گەندەڵی وەک ڤایرۆس وایە و خۆی دەگۆڕێت و خۆی دەگونجێنێت لەبەر ڕۆشنایی ئەو کارانەی کە دەزگا یاساییەکان دەیگرنەبەر.
سودانی باسی لەوەشكرد، "ئێمە چارەسەری یەکلاکەرەوەمان لە کارەکانی حکومەتدا بە شەفافییەت و ڕونی تەواو و لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربونەوی گەندەڵیدا داڕشتوە. هەروەها پرسی پشتیوانیکردن لە چاودێری ناوخۆیی و پەرەپێدانی کارەکانیمان کردوەتە پێشەوەی بازنەکانی چوارچێوەی بەرنامەی بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی".
ئەوەشی خستەڕو، جەخت لەسەر بەدواداچون بۆ دۆسیەکانی پەیوەست بە ڕای گشتی و گەندەڵی زۆر و بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت دەکەنەوە بۆ سەپاندنی سزای یاسایی بەسەر تۆمەتباراندا. هەروەها جەخت لەسەر کاری هاوبەش دەکەنەوە بۆ گۆڕینی دەستپاکی بۆ کەلتورێکی کۆمەڵایەتی و گەندەڵی لەناو کۆمەڵگادا نکۆڵی لێ بکرێت.
سودانی ڕونیكردەوە، گەڕاندنەوەی داواکراو و پارە تاڵانکراوەکانمان وەک مەرجێک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان داناوە.