هەرێم نیوز
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بڵاویکردەوە: فرۆكەی بێفرۆكەوان بەرهەمێكی تەواو خۆرسكی ئەزمونی رۆڵەكانی باكورو باكوری رۆژهەڵاتی سوریایە.
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن هەسەدە درۆنی لە ئێران کڕیبێت.
هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوەدەكات: میدیای توركی كە پشتیوانی سیاسەتی حكومەت دەكات لە كۆمەڵكوژكردنی گەلانی ناوچەكە، گیرۆدەی قەیرانی خولقاندنی هەواڵی درۆ بووە، لەو چوارچێوەیەدا، برەوی بە دەنگۆی رێككەوتنێكی نامۆ و درۆ داوە لەنێوان هێزەكانمان و ئێران، بۆ بەدەستهێنانی (1500) فرۆكەی بێفرۆكەوان، ئەو هەوڵانە درۆن و هەڵبەستراون و میدیای توركی دروستیان دەكات، بە ئامانجی زیان گەیاندن بە گەلەكەمان و خولقاندنی كەشێكی دوژمنكارانە بەرامبەر بە پرسی گەلەكەمان لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، لای رای گشتی نێودەوڵەتی.
هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو: جەنگاوەرەكانی كە سودیان لە ئەزمونیان وەرگرتووە لە شەڕی دژی داعشی تیرۆرست، لەماوەی رابردوودا كاریان كردووە لەسەر پێشخستنی توانا سەربازییە خۆرسكەكانیان، لەنێو ئەوانەشدا، فرۆكەی بێفرۆكەوان، كە بەرهەمێكی تەواو خۆرسكی ئەزمونی رۆڵەكانی باكورو باكوری رۆژهەڵاتی سوریایە.
درۆن بە یەکێک لە کەرەستە جەنگییە کاریگەرەکانی هەسەدە لە رووبەڕووبەوەیان لەگەڵ نەیارەکانی دادەنرێت.
هەرچەندە هەسەدە خۆی زانیاری لەسەر درۆنەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام لەو گرتە ڤیدیۆیانە کە هەسەدە خۆی بڵاویان دەکاتەوە چەندین جۆری درۆن دەردەکەون کە خۆیان لە درۆنی چاودێریکردن و هێرشکردن دەبیننەوە.